محەمەد وەتمان: ئەوەی هەوڵی بڕینی مووچەی فەرمانبەران بدا خیانەت لە گەلی كورد دەكات
لە كاتێكدا پەرلەمانتارە كوردە نەیارەكانی هەرێمی كوردستان بە چەندان شێوە هەوڵی بڕینی بەشە مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دەدەن و تەنانەت بەپێی میدیای سلێمانی بێت، سەركەوت شەمسەدین و ژمارەیەك لەو پەرلەمانتارە كوردانە بۆ ڕاگرتنی ناردنی ٣٢٠ ملیار دینارەكە دەچنە لای مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراقیش، بەڵام سەركردەیەكی پێشووی یەكێتی پێیوایە كە ئەوەی هەوڵی بڕینی مووچە و بودجەی كوردستان بدات، خیانەت لە گەلەكەی دەكات.
محەمەد وەتمان، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕایگەیاند، پێویستە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھاودەنگ و یەکھەڵوێست بن بۆ ئەوەی نەیارەکانمان حسابمان بۆ بکەن، ئەگەر حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، یەکڕیزیی نێوماڵی کورد نەپارێزن، حکوومەتی عێراقی ئامادە نابێت کێشەکانی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چارەسەر بکات.
روونیشی كردەوە، ئەو زوڵمانەی حکوومەتی عێراقی لە گەلی کوردی کردووە، مێژووەکەی بۆ سەرەتای بیستەكانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، کاتێک پێكهاتەی دەوڵەتی عێراق دانرا و کورد لە مافەکانی بێبەش كرا، بۆیە باشترە کورد ھەوڵی ئەوە بدات ڕێککەوتنێکی درێژخایەن لەگەڵ بەغدا بکات، نەوەکوو ڕێککەوتنێکی کاتی و ھەر کەسێک ھاتەوە سەر دەسەڵات، ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ کورد ھەڵبوەشێنێتەوە.
محەمەد وەتمان جەختی كردەوە كە دەبێت كارتی فشاری كورد بەرامبەر بەغدا، بۆ جێبەجێكردنی ئەو دەستە بێت كە سەركردە باڵاكانی كورد لە كاتی پەسەندكردنیدا ئامادە بوون، بۆیە ”ناكرێت بەغدا بە ئارەزووی خۆی هەر كاتێك ویستی، بودجەی كوردستان و مووچەی فەرمانبەران ببڕێت“.
باسیشی لەو زانیارییانە كرد كە باس لە هەوڵی چەند پەرلەمانتارێكی كورد بۆ بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دەكەن و گوتی: ”ھەرچەندە نازانم پەرلەمانتاری کام لایەنی کوردستانی ھەوڵی داوە مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان ببڕێت، بەڵام ئەوەی كار بۆ بڕینی مووچە و بودجەی ھەرێمی کوردستان بكات، کارێکی باش ناکات و خیانەت لە خۆی و لە گەلی کورد دەکات“.
باسنیوز
