عەرەبی ھاوردە بەرۆكی جوتیارانی كورد بەرنادەن

عەرەبی ھاوردە بەرۆكی جوتیارانی كورد بەرنادەن
لەدوای 16ی ئۆکتۆبەر عەرەبە هاوردەکان 1500 دۆنم زەوی جووتیارانی کوردیان لە گوندی عەمشەی سەر بە شاروچکەی دووبز داگیرکردووه‌. ئێستا 500 دۆنمی دیکەی زەویان داگیرکردووە و سەرقاڵی درووستکردنی خانوون لەسه‌ر ئه‌و زەویانە. جووتیارانی کورد سکاڵایان تۆمارکردووە؛ بەڵام باوەڕیان بە دادگا و یاسا نیە و پێیانوایە عەرەبەکان بە پاڵپشتی دەسەڵات و دادگاکان هاتوونە ناوچه‌كه‌ و پلانێکیشە بۆ دەرکردنی کورد لە سنوورەکە.

عەرەبی هاوردە پلانی تەعریب جێبەجێدەکەن، بەبێ ترس لەنێو زەوی و زاری جووتیارانی کورد دەستیان بە درووستکردنی خانوو کردووە. زەوییەکە لە گوندی عەمشەی سنووری شاروچکەی دووبزە. لەدوای 16ی ئۆکتۆبەر1500 دۆنمیان داگیرکرد و خانوویان لەسەر درووستكرد، ئێستا500 دۆنمی دیکەیان داگیرکرد. مام نادر خاوەن زەوییەکەیە و لەدوورەوە بەبێ دەسەڵات سەیری دەکات.

کازم هەمەوەندی، کوێخای گوندی عەمشەیە و هەوڵەکانی خستووه‌تەگەڕ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، ئەو بەڵگەی خاوەندارێتی زەوییەکە و لیستی ناوی سەرجەم عەرەبە هاوردەکانیشی لایە، کە تائێستا دوو جار قەرەبوویان وەرگرتووە.

گوندی عەمشە سەر بە شاروچکەی دووبزە. بەدووری 30 کیلۆمەتر کەوتووەتە خۆرئاوای کەرکووك، دانیشتوانەکەی 58 خێزانن و سەرجەمیان کوردن و لەسەردەمی رژێمی پێشوو کەوتوونەتە بەر شاڵاوی تەعریب، لەدوای 16ی ئۆکتۆبەریشەوە هەمان سیاسەت لە دژیان پەیڕەو دەکرێت.
k24 -
Top