لە پەرستگەی لالش رێورەسمی ئایینیی دانانی بابەشێخی نوێی ئێزدییەکان سازدەکرێت
دوای 45 رۆژ لە کۆچی دوایی بابەشێخ خرتۆ حەجی، بە بڕیاری میر حازم تەحسین بەگ و رازیبوونی جڤاتی رۆحانیی و 250 سەرۆکهۆزی کوردی ئێزدی، شێخ عەلی ئەلیاس وەک بابەشێخ دەستنیشان کرا. بڕیارە رۆژی چوارشەممە لە پەرستگەی لالش رێوڕەسمی ئایینی بۆ دانانی سازبکرێت.
میر حازم تهحسین بهگ، میری ئێزدییەکان لە کوردستان و جیهان، راگەیاند، "ئێمە لەگەڵ کەسایەتیی و گەورەی ئێزدییاندا راوێژمان کرد. لە هەموو شوێنێکی عێراقەوە هاتنە ئێرە. 250 موختار و سەرۆکهۆز بوون. ئێمە بڕیاری خۆمان دا و ئەوە بڕیاری میرە."
بە دەرکردنی بڕیارەکە خەڵک بۆ پیرۆزبایی چوونە ماڵی شێخ عەلی شێخ ئەلیاسی بابەشێخی نوێ لە گوندی شیخکا. بابەشێخی نوێ لەدایکبووی ساڵی 1979یە و شارەزایی لە ئایینی ئێزدیایەتیدا هەیە.
حهجی حهمید، کوردێکی ئیزدییە و کەسوکاری لە دەستی داعش رزگاریان بووە و دەڵێت، "ئەمڕۆ هاتوومەتە لای شێخ عەلی کە بووەتە بابەشێخ تا رزگاربوونمانی پێبگەیەنم بۆ ئەوەی شتێک بۆ ئەو رزگاربووانە بکات."
لەنێو کۆمەڵگەی کوردانی ئێزدیدا هەندێک کەس لەسەر دانانی بابەشێخ ناڕازی بوون و، پێیانوابوو دەبێت زیاتر راوێژی لەسەر بکرێت.
فارس سلێمان، مجێورە و دەڵێت، "مجێور و ماقووڵ و فەقیر ئەو بڕیارە لەسەر بابەذێخی نوێ دەدەن. لەو بڕوایەدام کە ئێزدییەکانی شنگال ئەو بابەشێخە قبووڵ ناکەن."
بڕیارە رۆژی چوارشەممە 2020/11/18 لە پەرستگەی لالش رێوڕەسمی ئایینیی دانانی بابەشێخی نوێ سازبکرێت.
rudaw -
