وەزیرێکی عێراق: دەبێت حکومەت دەروازەکانی هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵ بکات

وەزیرێکی عێراق: دەبێت حکومەت دەروازەکانی هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵ بکات
وەزیری کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، دەبێت حکومەتی فیدراڵ دەروازەکانی هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵ بکات، ئەگەرنا خاڵی گومرگ لە پارێزگاکانی کەرکووک، سەڵاحەدین و دیالە دادەنێینەوە.

رۆژی شەممە 2020/11/14 محەممەد کەریم، وەزیری کشتوکاڵی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "عێراق لە ساڵانی 2019 و 2020ـدا نزیکەی 80٪ـی بەروبوومی کشتوکاڵیی پێویستی بۆ هاووڵاتییان لە ناوخۆ دابینکرد، چونکە حکومەت سێ مانگە دەروازە سنوورییەکانی بە رێژەی 80٪ کۆنترۆڵ کردووە، بەڵام حکومەتی عێراق دەروازەکانی هەرێمی کوردستانی کۆنترۆڵ نەکردووە."

وەزیری کشتوکاڵی عێراق گوتیشی، "وەزارەتی کشتوکاڵ سوورە لەسەر داوای کۆنترۆڵکردنی هەموو دەروازە سنوورییەکان، بۆیە ئەگەر هەرێمی کوردستان بە دەم ئەو داوایە نەیەت، خاڵی گومرگ لە پارێزگاکانی کەرکووک، سەڵاحەدین و دیالە دادەنێینەوە بۆ ئەوەی هەر بەرهەمێک لە هەرێمەوە بێت و مۆڵەتی هاوردەکردنی نەبێت، رەوانەی بەشی تاوانی ئابووری بکرێت. ئەوەش بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیە."

محەممەد کەریم ئاماژەی بەوە دا، بەرهەمهێنانی پەلەوەر یەکێکە لە گرنگترین پرۆژەکان لە عێراقدا کە ئایندەی گەشە. ئێستاش 1600 پرۆژەی پەلەوەر بۆ بەرهەمهێنانی گۆشت هەن، 150 پرۆژەش بۆ بەرهەمهێنانی هێلکە و گۆشت پێکەوە هەن و "ئەوەش هەلی کاری بۆ هەزاران کرێکار لە عێراقدا دابینکردووە، بەڵام هێشتا عێراق ساڵانە بە بەهای دوو تا سێ ملیار دۆلار بەرهەمی پەلەوەر هاوردە دەکات."

وەزیری کشتوکاڵی عێراق ئاشکرای کرد، "عێراق خۆبژێویی لە دابینکردنی گەنم بەدیهێناوە. دوای ئەوەی توانیی 5 ملیۆن و 500 هەزار تۆن گەنم بەرهەمبهێنێت. بۆیە وەزارەتی بازرگانی هەلی هەناردەکردنی ملیۆنێک تۆن گەنم و 700 هەزار تۆن جۆ دەدات، بەڵام لەبارەی سەوزە و میوەوە عێراق هێشتا ئەو بەرهەمانە لە وڵاتانی دراوسێیەوە هاوردە دەکات، هەرچەندە ژینگەی پێویست لە عێراقدا بۆ بەرهەمهێنانی ئەو سەوزە و میوانە لەبارە."
rudaw -
Top