لە هەرێمی کوردستان قەیرانی دارایی بەرۆکی کەرتی خانووبەرە بەرنادات
بەختیار و بێستوون زیاتر لە دوو مانگ بوو هیچ کارێکیان دەست نەکەوتبوو، ئەوە جگە لەوەی کۆرۆنا سێ مانگی تەواو بوو لە هەموو کارێک دایبڕیبون.
ئەوان سەرقاڵی کاری دانانی دیکۆراتن بۆ باڵەخانەیەک، بەڵام ئەوە کۆتا کاریانە و هێشتا دیار نییە ئاخۆ دوای چەند رۆژی دیکە لە کۆتایی ئەو کارەیان کارێکی دیکەیان دەست دەکەوێت یا نا.
بەختیار عەلی، وەستای دیکۆراتە و دەڵێت، "لەماوەی کەرەنتینەدا سێ مانگ کارمان نەبوو و هەروەها دوو مانگ پێش ئێستاش کە هەرچەندە کەرەنتینەش نەبوو، ئێمە هەر ئیشمان نەبوو. ئەم ماوەیە زۆر بێئیشییە، هەرچەندە ئێمە لەگەڵ کۆمپانیا کاردەکەین، بەڵام هەر کارمان نییە، ئەم ماوەیە بەشێوەیەکی گشتی دۆخمان خراپە."
کۆمپانیا گەورەکانی بیناسازییش بە هەمان شێوە لەم ماوەیەدا تووشی زیانێکی زۆر هاتوون، زیاتر 50٪ی فرۆشیان بەراورد بە پار کەمی کردووە.
بێستوون حاجی ئەحمەد، خاوەنی کۆمپانیاکانیی بێستوون و ماسە بۆ چیمەنتۆ و شیش و بیناسازی و دەڵێت، "لەم چەند مانگەی رابردوودا کۆمپانیاکانمان بە رێژەی 60% کەمترمان فرۆشتووە بەراورد بە هەمان مانگی پار، ئەوەش زیانێکی زۆری ئابووریی لێمان داوە و سەدان کرێکار و کارمەندمان کە بژێوی ژیانیان لەسەر کارکردنیان بووە لە کومپانیاکانی ئێمە، بێکار بوون و ئیشیان نەبووە."
بەهۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی بەغداد و هەولێرەوە، لە ساڵی 2014وە قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە و گەشەکردنی زۆرینەی کەرتەکانی لاواز کردووە بە تایبەت کەرتی بیناسازی.
لەساڵی 2013دا بە بەهای دوو ترلیۆن و 46 ملیار و 300 ملیۆن دینار مۆڵەت بە دروستکردنی زیاتر لە 27 هەزار 269 خانوو و باڵەخانەی بازرگانی دراوە، بەڵام لە ساڵی 2019دا بە بەهای ترلیۆنێک و 111 ملیار و 500 ملیۆن دینار مۆڵهت بە دروستكردنی 11 هەزار و 614 خانوو و باڵەخانەی بازرگانی دراوه.
لە ساڵی 2019دا وهبهرهێنان له كهرتی بیناسازیدا 45.7% کەمی کردووە و لە کەرتی دروستكردنی خانوو و باڵهخانهی بازرگانیدا به رێژهی 57.4% كهمیكردووه.
سەرۆکی سەندیکای بینسازانی کوردستان پێیوایە بێپلانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکاری بەردەوامیی قەیرانەکانە.
عوسمان زیندانی، سەرۆکی سەنیدکای کرێکارانی بیناسازیی کوردستان باسی لەوە کرد، "هۆکاری کەمبوونەوەی کار و کەمیی فرۆشی کۆمپانیاکان ئەوەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین ساڵە ئەو قەرزی عەقارەی بڕیوە کە پێشتر بە هاونیشتمانییان دەدرا بۆ دروستکردنی خانوو. هەروەها ئەو پارەیەشی بڕیوە کە دەیدا بەوەبەرهێنەران بۆ دروستکردنی پرۆژەی بازرگانیی بیناسازی. لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی قەیرانی دارایی و کۆرۆناوە مووچەی فەرمانبەران نادات. ئەمەش وایکردووە هێزی مرۆیی و سەرمایەی هاونیشتمانییان بۆ کڕینی پێداویستییەکانی خانوو و دروستکردنی زۆر کەم ببێتەوە."
هەرچەندە ئەم چەند مانگەی دوای کۆتاییهاتنی قەدەخەی هاتوچۆ تا رادەیەک بازاڕی بیناسازی جووڵەیەکی ئابووریی تێکەوتووەتەوە، بەڵام هێشتا خهڵكی و وهبهرهێنهران متمانەیان به بارودۆخی ئابووری و سیاسیی ههرێمی كوردستان نهگهڕاوهتهوه بۆ پێش قهیرانی دارایی و گومان دهكهن ئهم بارودۆخه زیاتر درێژه بكێشێت، بۆیه ئامادهنین وهك جاران سهرمایهكانیان له كهرتی بیناسازیدا بخهنه كار.
rudaw -
