ناوەندی ڕەوەندی كورد لە دەرەوە هەڕەشەكانی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان سەركۆنە دەكا
لە ڕاگەیاندراوێكدا، كە ناوەندی ڕەوەندی كورد لە دەرەوە، تیشكی خستە سەر هەڕەشەكانی ئەم دواییەی پەكەكە بۆ سەر هەرێمی كوردستان و ئاماژەی بەوە كردووە، ئەو جۆرە لێدوانانەی پەكەكە كە بە نەفەسی نانەوەی گرژی و ناتەبایی نیشتمانییە و جگە لە تێكدانی سەقامگیری هەرێمی كوردستان و دژایەتیی دەستكەوتە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی گەلەكەمان، مەترسیشە بۆ سەر ژیان و گوزەرانی و بژێوی و بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان، كاریگەری و دەركەوتەی نەرێنی لەناو نێوەندە نێودەوڵەتییەكاندا دەبێ.
لە بەشێكی ڕاگەیاندراوەكەدا، پاڵپشتیی خۆیان بۆ قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستووری و یاساییەکان و دەستكەوتە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی دەردەبڕن، لە هەمان كاتدا سەركۆنەی هەر كردەوە و دەستدرێژییەك دەكەن كە "زیان بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانمان بگەیەنێ."
داواش لە سەركردایەتیی پەكەكە دەكەن، "ڕەچاوی هەستیاریی بارودۆخی باشووری كوردستان و گوزەران و بژێویی خەڵكەكەی بكەن. بۆ ڕێگەگرتن لە زیاتر تێكچوونی بارودۆخەكە و ڕوونەدانی ڕووداوی نەخوازراوی تر، پێویستە واز لە دەستوەردانی كاروباری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بهێنن و ڕوو لە مەیدانی ڕاستەقینەی چالاكییەكانییان بکەن كە باكووری كوردستانە".
باسنيوز
