هه‌ولێر.. بۆریی ئاوی ئیفراز چاک کرایەوە
ئارى ئەحمەد، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی ئاو و ئاوه‌ڕۆى هه‌رێمى كوردستان ڕاى گه‌یاند: "پاش ئەوەی بۆرییەکی ئاوى ئیفراز شکا، کە بەهۆیەوە 35%ی گه‌ڕه‌كه‌كانى هەولێر بێ ئاو بوون، تیمەکانمان توانییان لە ماوەی 20 کاتژمێر بۆرییەکە چاک بکەنەوە".
گوتیشی: "شەوی ڕابردوو بۆرییەکە چاک کراوه‌ته‌وە، ئێستا 70%ی ئەو گەڕەکانەی بێ ئاو بوون، ئاویان بۆ گەڕاوەتەوە، پاش ئەوەی بۆرییەکە پڕ ئاو دەبێتەوە، گەڕەکەکانی دیكه‌ش بۆیان دەگەڕێتەوە".
ئێوارەى پێنجشه‌ممه‌ى ڕابردوو 12/11/2020، بۆریی ئاوى ئیفراز له گه‌ڕه‌كى 108ى عه‌نكاوە شکا، ئه‌ویش به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه خاوه‌نى مۆڵێک کە لە نزیک شوێنەکەیە، ویستوویه‌تى ئه‌و شوێنە بکاتە سەوزایی، له كاتى هەڵکەندنی شوێنەکە، بۆرییەکە شکا.
به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی ئاو و ئاوه‌ڕۆى هه‌رێمى كوردستان جەختی له‌وه‌ش کردەوە، كه لایەنی کەمتەرخەم سزا دەدرێ، ڕوونیشى كرده‌وه، نووسراو لە دژی ئەو شوێنە دەکرێ، کە بۆرییەکەی شکاندووە، بڕی تێچووی چاککردنەوەی بۆرییەکەى لێ وه‌رده‌گیرێته‌وه".
باس‌نیوز
