پۆلیسى سلێمانى: شەڕەکەى شه‌وى ڕابردوو لەسەر فرۆشتنی دۆ بە دەنگی بەرز بووه‌

پۆلیسى سلێمانى: شەڕەکەى شه‌وى ڕابردوو لەسەر فرۆشتنی دۆ بە دەنگی بەرز بووه‌
بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت، شەڕەکەى شه‌وى ڕابردووى نزیك مزگه‌وتى گه‌وره‌ى سلێمانى، كه‌ له‌ شه‌ڕه‌كه‌دا دوو گه‌نج كوژران، لەسەر فرۆشتنی دۆ بە دەنگی بەرز بووه‌

نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە پرێس كۆنفرانسێكدا له‌بارەی ڕووداوی کوژرانی دوو گەنجەکەی شەوی ڕابردووی شاری سلێمانی ڕای گەیاند: "شەوی ڕابردوو 13/11/2020، لە نزیک مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی، شەڕە چەقۆ لەنێوان چەند گەنجێک ڕووی داوە، شەڕەکە ئەوەندە گەورەش نەبووە تاوەکوو بگاتە حاڵەتی کوشتنی دوو گەنج".

گوتیشی: "شەڕەکە لەسەر فرۆشتنی دۆ بەدەنگی بەرز دەستی پێکردووە و لە ئەنجامدا دوو کەس بەسەختی بریندار بوون، دوای گەیاندنیان بۆ نەخۆشخانە، بەھۆی سەختیی برینەکانیانەوە، گیانیان لەدەست دا".

بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕوو: "چوار كەس بە تۆمەتی كوشتنی دوو گەنجەكە لەلایەن بەشی پۆلیسی فریاكەوتنی سلێمانی و بە هاوكاریی بنكەی پۆلیسی سەرا دەستگیر كراون، كە دوانیان دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوە و دوانەكەی دیكەش كە یەكێكیان لەگەڵ كوژراوەكاندا بووە و ئەوی دیكەیان لەگەڵ بكوژەكان بووە، لەژێر لێكۆڵینەوەدان و سەرجەمیان بە بڕیاری دادوەر و ڕاگیراون".











باسنيوز


Top