20 رۆژ بوو ژنی مارەبڕیبوو ... ویستی بگاتە ئەوروپا، بەڵام تەرمەکەی هاتەوە
تەرمی ئەو گەنجەی باشووری کوردستان کە لەکاتی چوونی بۆ ئەوروپا مردبوو، گەڕێنرایەوە زاخۆ و بە خاکسپێردرا.
کەسوکاری ئاراس دەڵێن، لەبەر ئەوەی شارەزایی زۆری لە بواری ئەلیکترۆنیاتدا هەبوو، گوتوویەتی بە GPS بەبێ قاچاخچی خۆی دەگەیێنێتە ئەوروپا.
سهلیم سهعید، باوکی ئاراسە و دەڵێت، "هەرگیز باسی ئەوەی نەکردووە و نەیگوتووە کە دەچمە دەرەوەی وڵات. چوو بۆ یۆنان و گوتی، 'دەمەوێت ئەوێ ببینم.' بە ئاسانی چوو و بە تەکسی گەیشتە سربیا."
ئاراس سەلیم تەمەنی 24 ساڵ بوو، لە قۆناخی چواری زانکۆدا بوو، مانگی رابردوو لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی ویستوویانە بە قاچاخ بچنە ئەوروپا، بەڵام لە رێگەدا لە سنووری نێوان بۆسنە و سربیا رۆژی 2020/11/01 دەخنکێت.
پۆلیسی بۆسنە تەرمەکەی دەدۆزنەوە و لە رێگەی کەسوکارەکەیەوە گەیێندرایەوە هەرێمی کوردستان و لە گۆڕستانی شارۆچکەی باتیفای سەر بە زاخۆ بە خاک سپێردرا.
ئەو 20 رۆژ پێش رۆیشتنی بۆ ئەوروپا ژنی مارەکردبوو کە بڕیاربوو دوای سێ مانگ هاسەرگیری بکەن.
هەیسەم سەلیم، برای ئاراسە و دەڵێت، "لە بەرنامەیدا نەبوو بچێتە ئەوروپا، بەڵکو بە تەنیا دەیویست هاوڕێکانی بگەیێنێتە یۆنان. کاتێک بۆ سنووری یۆنان بەڕێکەوتن هاوڕێکانی هەشت کەس بوون و دەگیرێن و تەنیا ئەو قوتاری دەبێت. گوتی، 'دەچمە یۆنان' و دواتر دەرچوو."
ئاراس شارەزاییەکی زۆری لە بواری ئەلیکترۆنیدا هەبووە، بۆیە لە رێگەی GPSـی مۆبایلەکەیە و دەیویست بەبێ قاچاخچی بگاتە ئەوروپا.
گەهین حاجی، هاوڕێی ئاراسە و دەڵێت، "زۆر جار ڤیدیۆی بۆ دەناردین و دەیگوت ئەوە دەچم. بە GPS دەچوو و ئێمەیش دەمانگوت، 'ئەوەندەیش ئاسان نییە. یاگات لە خۆت بێت و رێگەی ئەوروپا هێندە ئاسان نییە.' "
لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە زیاتر لە 30 کەسی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە رێگەی گەیشتن بە ئەوروپا مردوون.
rudaw -
