لە چۆمان هەڵمەتی چاندنی 1000 بەڕوو دەستیپێکرد

لە چۆمان هەڵمەتی چاندنی 1000 بەڕوو دەستیپێکرد
لە شارۆچکەی چۆمان لەو دارستانانەی ئاگریان لێکەوتووەتەوە و داربەڕووەکانیان لەنێو چوون، لە هەڵمەتێکدا هەزار بەڕوو لە جێگەیان دەچێنرێنەوە.

شایەن عەلی لەگەڵ ژمارەیەک ژینگەدۆستی دیکە بۆ دووەمین ساڵە هەڵمەتی چاندنی هەزار بەڕوویان دەست پێکردووە. ئامانجیانە بەرزاییەکانی گرتاڵانی چۆمان سەوزتر بکەن.

شایان عەلی، ژینگەدۆستە و دەڵێت، "ئامانجمانە لەو هەڵمەتەی ساڵانە لە ناوچەکەمان دەکرێت ئێمەش جێدەستمان دیار بێت و بتوانین بە چاندنی داربەڕوو ئۆکسجینی زیاتر پەیدا بکەین. بینیمان ئەمساڵ ڤایرۆسەکە چەندە مرۆڤەکانی پێویست بە ئۆکسجین کرد."

150 جۆر داری بەڕوو لە جیهاند هەن کە حەوت لەوانە موڵکی کوردستانن. بە شێوەی خۆڕسک لە هەڵوەرینی بەرەکەیەوە دەڕوێت.

تەمەنی بەڕوو دەگاتە زیاتر لە 500 ساڵ و کاتێک تەمەنی دەگاتە سەرووی 20 ساڵ هەر دارێک ئۆکسجینی 50 کەسی گۆی زەوی دابین دەکات.

بەڕوو حەوت جۆر بەر دەگرێت و تاکە داریشە گەڵاکەی بەرێک دەدات کە دەچێتە پیشەسازیی چەسپەوە.

بەڕوو توانایەکی بەهێزی بۆ بەردەوامیدان بە سووڕی هەوا لە سرووشتدا و ئاڵوگۆرکێی دووانۆکسیدی کاربۆن بۆ ئۆکسجین هەیە.

بەڕوو دارێکە مۆرکی کوردستانی بەسەرەوەیە و چیاکانی بە سەوزایی رووپۆش کردووە.

له‌ باشوری كوردستان ناوچه‌ی پارێزراوی ژینگه‌یی و باخچەی نیشتمانی هه‌یه‌، به‌ڵام سووتانی دارستانه‌كان و بڕینیان ساڵانه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری داربه‌ڕوو له‌نێو دەبات.

پێشه‌وا فه‌قێ، به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی كولتووریی چۆمان دەڵێت، "ئامانجمانە لەو شوێنانەی ئاگر دارە بەتەمەنەکانی سوتاندووە و ژینگە سەوز و جوانەکەی کردووەتە وێرانە، ئێمە دووبارە سەوزی بکەینەوە و هۆکارێک بین بۆ ئەوەی هەوای پاک دروست بکەینەوە."

گەلیی دووبرایانی سەکران ساڵی 2018 سووتا و زیانی بەرکەوت، پاریش هەڵمەتی چاندنی بەڕووی تێدا سازکرا، ئێستا نەمامە بەڕووەکانی لێ رواونەتەوە.
rudaw -
Top