ژووری پزیشکانی ئامەد: رۆژانە لە سنوورەکەماندا 500-600 تووشبووی کۆرۆنا هەیە
بەپێی راپۆرتە بڵاوکراوەکەی ژووری پزیشکانی ئامەد، لەو پارێزگایەدا رۆژانە بە تێکڕایی 500 بۆ 600 تووشبوون بە کۆرۆنا دەستنیشان دەکرێن. ئاماژەش بەوە دراوە کە ئەوە تێکڕاییە و رۆژی وا هەیە ژمارەکە دەگاتە 800 تووشبووی تۆمارکراو.
ژووری پزیشکانی ئامەد باسی لەوە کردووە، لە هەمان ماوەدا 182 کارمەندی تەندروستی تووشی کۆرۆنا بوون کە 13 لەوانە مردوون.
لە راپۆرتەکەدا ژووری پزیشکانی ئامەد جەختی لە فەرامۆشکرانی دۆخی تەندروستیی کارمەندان و پزیشکان کردووەتەوە، بەتایبەتی ئەوانەی رۆژانە چارەسەر بە تووشبووانی ڤایرۆسەکە دەدەن و بەرکەوتنیان هەیە.
بەشێکی راپۆرتەکە ئاماژەی بە دۆخی مامۆستایان کردووە کە تێیدا هاتووە، "لەدوای جێبەجێکردنی بڕیاری خوێندنی ناوپۆل بۆ چەند قۆناخێکی دیاریکراو، رۆژانە دەیان مامۆستا سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن. بەشێکی دیار لەوانە پشکنینەکانیان ئەرێنی دەردەچێت."
بە هەمان شێوە ژووری پزیشکانی ئامەد ئاماژە بە زیادبوونی رێژەی تووشبوون لە گرتووخانەکانی ئامەد دەدەن.
ئەوە لە کاتێکدایە حکومەتی تورکیا لێبووردنێکی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای دەرکرد، بەڵام ئەو لێبووردنە ئەو کەسانەی نەگرتەوە کە بە هۆکاری سیاسی لە گرتووخانەکاندان.
ژووری پزیشکانی ئامەد ئەو ئامارانە رەتدەکاتەوە کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی تورکیاوە بڵاودەکرێنەوە. بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی تورکیا كۆی گشتیی ژمارهی مردووان به ڤایرۆسی كۆرۆنا 11 ههزار و 200 كهسی تێپەڕاندووە. بەگشتی ژمارهی تووشبووان لە 404 ههزار کەس زیاترە.
k24 -
