دەستەی ئامار: لە هەر 100 کەسێک لە هەرێمی کوردستان کەسێک پاسەوانە
لەم مانگەدا پەیڕەوی یەکەی پاسەوانی لەلایەن وەزارەتەکانی ناوخۆ، پێشمەرگە و ئەنجوومەنی ئاسایش تەواودەبێت و بۆ پەسندکردنی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت.
پەیڕەوەکە تایبەتە بە رێکخستنەوەی یەکەی پاسەوانی لە هەرێمی کوردستان، بەجۆرێک گشت پاسەوانەکان بۆسەر میلاکی هێزەکانی یەکەی پاسەوانی لە وەزارەتی ناوخۆ دەگوازرێنەوە و بە هیچ جۆرێک نابێت پاسەوان لەسەر میلاکی هیچ یەکەیەکی دیکەی سەربازی یاخود ئاسایشی ناوخۆ هەبێت، خەرجکردنی مووچەی پاسەوانانیش تەنیا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ژمێریاریی وەزارەتی ناوخۆ دەبێت.
بەگوێرەی دوایین ئاماری دەستەی ئامار، ئێستا ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان شەش ملیۆن کەسە، هەروەها بەگوێرەی خەمڵاندنەکان ئێستا زیاتر لە 60 هەزار پاسەوان لە هەرێمی کوردستاندا هەن، بەگوێرەی ئەو ژمارانەش بێت، لە هەرێمی کوردستان لە هەر 100 کەس، یەکێک پاسەوانە.
بەپێی زانیارییەکان، پێشبینی دەکرێت یەک لەسەر سێی ژمارەی پاسەوانان کەمبکرێتەوە.
لە هەرێمی کوردستان هیچ یاسایەک نییە بۆ رێکخستنی کاری پاسەوانی، بەڵام دوای رێکخستنەوەیان لە چوارچێوەی یاسای چاکسازی، ئەو پاسەوانانەی زیادن میلاکیان دەگوازرێتەوە و لەکاتی پێویست سوودیان لێوەردەگیرێت و دانانی پاسەوان بە هەڕەمەکی نامێنێت.
نزار مەلا عەبدولغەفار، ئەندامی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایشی پەرلەمان دەڵێت "ئەو پاسەوانانەی کە زیادن، میلاکیان دەگوازرێتەوە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی یەکەی پاسەوانی وەزارەتی ناوخۆ کاری دیکەیان پێدەدرێت، بێگومان ئەو بەرپرس و شوێنانەی پاسەوانیان پێویستە، دەخرێنەوە سەر بەڕێوەبەرایەتییەکە".
لە هەرێمی کوردستان جگە لە بارەگا و بەرپرسە حکومییەکان ، بارەگا و بەرپرسە حزبییەکانیش پاسەوانەکانیان لەسەر بودجەی گشتییە ، پارتی و یەکێتی کە زۆرترین پاسەوانییان هەیە ، پشتگیری لە رێکخستنەوەکە دەکەن و بڕیارە هیچ رێگرییەکیان نەبێت بۆ کەمکردنەوەی پاسەوانەکانیان .
هیوا ئەحمەد، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات "لەگەڵ هەموو چاکسازییەکین بۆ رێکخستنەوەی یەکەی پاسەوانی، لەوانەیە بەرپرس هەبێت لە وەزیفەکەی نەمابێت و پاسەوانەکانی هەر لەگەڵ بێت، بۆیە پێویستە رێکبخرێتەوە، دادپەروەری لە رێکخستنەوەی پاسەوانی هەبێت، لەگەڵ هەموو رێکخستنەوە و بەسیستەمکردنێکی ئۆرگانەکانی حکومەت و کۆمەڵگەین کە لە بەرژەوەندیی گشتین".
ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باسی لەوە کرد "بەڕاستی ئەوەی لێرە دەبینرێت لە هیچ شوێنێک نییە بەرپرسی حیزبی لیوا و هێزی سەربازیی هەبێت، ئەگەر ئێمە، حیزبەکان و حکومەت، لەگەڵ رێکخستنەوەی پاسەوانی و نەهێشتنی دیاردەی چەکداری بین، خەڵکەکەش رازیدەبێت".
پاسەوانی هیچ یاسایەکی تایبەتی نیە ، لەهەر کۆڵانێک بەرپرسێکی لێبێت پاسەوانی بەچەکەوە و تاسە دەبیندرێت ، لەکاتێکدا هەر ئەو بەرپرسانەن شانازی بە ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە دەکەن.
rudaw -
