دروستکردنی نەخۆشخانە 100 قەرەوێڵەییەکەی سلێمانی دەستیپێکرد؛ سێ مانگ بۆ تەواوکردنی دانراوە

دروستکردنی نەخۆشخانە 100 قەرەوێڵەییەکەی سلێمانی دەستیپێکرد؛ سێ مانگ بۆ تەواوکردنی دانراوە


دوای دوو مانگ بڕیاردان لە دروستکردنی، لە سلێمانی دەست بە دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێڵەیی تایبەت بە تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرا. تێچووی دروستکردنی نەخۆشخانەکە لەلایەن حکومەتی ئەڵمانیاوە و لەڕێگەی وەزارەتی تەندروستیی عێراقەوە دابینکراوە.

وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە هاوکاریى تەندروستیى سلێمانى کۆمپانیاى میسانى عێراقى ناردووە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە.

هێمن خالید، بەڕێوەبەرى ئەندازیاریى تەندروستیى سلێمانى دەڵێت "هەفتەى پێشوو تیمەکە هاتن و زەوییەکەمان پێداون و ئەمڕۆ دەستبەکار بوون، ئەم نەخۆشخانەیە بەجۆرێک دروستدەکرێت کە بۆ هەموو نەخۆشییەک بەکاربێت و کەى ویسترا بکرێتەوە و بگوازرێتەوە".

سلێمانى تواناى لەخۆگرتنى 200 نەخۆشى هەیە، بەم نەخۆشخانەیەوە 100ى دیکەى بۆ زیاد دەبێت، سێ مانگ بۆ تەواوبوونى باڵەخانەکەى و مانگێکی دیکەش بۆ دابینکردنى ئامێرەکانى دانراوە، پێکهاتەى نەخۆشخانەکە بەجۆرێک دەبێت کە وەرزى بارانبارین کار لە راوەستانى ناکات، ئەمەش بەشێکە لە پلانى نوێى تەندروستیى سلێمانى.

د. سەباح هەورامى، بەڕێوەبەرى گشتیی تەندروستیى سلێمانى دەڵێت "ئەم نەخۆشخانەیە بۆ ساڵى نوێ تەواودەبێت و سوودى لێوەردەگرین، بە پارەى ئەڵمانیا دروستدەکرێت و 100 بێدە، کارەکە لەلایەن عێراقەوە تەواودەکرێت".

نەخۆشخانە نوێیەکەى سلێمانى پێکهاتووە لە 100 قەرەوێڵە، 50ی بۆ چاودێرىی چڕ و 50ی بۆ چارەسەر، دەبێت لە 1ى شووباتی 2021 تەواو ببێت، گوژمەى تەواوکردنى باڵەخانەى پرۆژەکە دوو ملیۆن دۆلارە و لەسەر رووبەرى چوار دۆنم زەوى دروستدەکرێت.

لە چەمچەماڵیش خێرخوازان باڵەخانەى نەخۆشخانەیەکى 70 قەرەوێڵەییان تەواوکرد و رادەستى حکومەتیان کرد، ماوەتەوە کڕینى ئامێر و کەرەستەى پزیشکى. هەموو ئەمانە بۆ ئەوەیە تووشبووانى کۆرۆنا و پەتا گوازراوەکان لەژێر چاودێری و رێنوێنیى پزیشک و کارمەنداندا خزمەت بکرێن.
rudaw -
Top