لیزا كاكەیی: شۆڤێنییەكانی عێراق لە ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر ناوچە كوردستانییەكان دەترسن

لیزا كاكەیی: شۆڤێنییەكانی عێراق لە ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر ناوچە كوردستانییەكان دەترسن
ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان رای گەیاند، شۆڤێنییەكانی پەرلەمانی عێراق لە ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی ناوچەكانی سنووری ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراق دەترسن و هەوڵی پەكخستنی پرۆسەی ئاساییكردنەوەی ئەو ناوچانە دەدەن.

لیزا فەلەكەدین كاكەیی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، ئامانجی سەرەکی ئەم هەوڵە پەرلەمانییەی شۆڤینییەکانی عێراق لە بڕینی قووتی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، خستنەوەی پشێوی و دروستکردنی کێشە و بەربەستە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی كوردستان و حکوومەتی عێراق لەپێناو پەکخستنی پرۆسەی ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان.

ڕوونیشی كردەوە: “ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق رووی دا، هەڵڕشتنی رق و کینەی عەرەبە شۆڤینییەکان بوو بەرامبەر رێککەوتنی هەردوو حکوومەت لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، ئەوان ترسیان لەوە هەیە کە ڕێککەوتنەکان سەر بکێشێت بۆ ناوچەکانی دیكەی سنووری ماددەی 140 و لەوەش ئاگادارن کە هەوڵەکان بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان چڕکراوەتەوە و رۆژانە شاندی سەربازیی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدراڵ کۆبوونەوە دەکەن و چەندین قۆناغی باش و گرنگیان تێپەڕاندووە”.

ئەمە لە كاتێكدایە كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٢ی ١١ی ٢٠٢٠، پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای قەرزی پەسەند كرد و تێیدا ڕەچاوی ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدای نەكرد و ئەو ٣٢٠ ملیار دینارەی بڕی كە بڕیاربوو حكوومەتی عێراق مانگانە بۆ هەرێمی كوردستانی بنێرێت.










باسنیوز


Top