ژنە شەهیدێک: شەهیدێکم داوە، شارێکی دەهێنا

ژنە شەهیدێک: شەهیدێکم داوە، شارێکی دەهێنا


بەشێک لە کەسوکار و خانەوادەی شەهیدانی شەڕی داعش بە ئومێدی ئەوەی هاوکاری و یارمەتیی رێکخراوێکی نێودەوڵەتی وەرگرن چوونە هەولێر، زۆربەیان رێگەی دووریان بڕیبوو، بەڵام کە چاویان بە یارمەتییەکان کەوت، تووڕەیی بوو بە هاواری هاوبەشی هەموویان.

حەلیمە محەممەد، کەسوکاری پێشمەرگەی شەهید گوتی "شەهیدێکم داوە، شارێکی دەهێنا، بە پیلێک و باسکێکەوە بۆم هاتەوە. ئەوەتا ئەوانە تەسویر بکە، بزانە چییان بۆ هێناوین".

ئارەزوو سلێمان یەکێکی دیکەیە لە کەسوکاری پێشمەرگە شەهیدەکان و گوتی "بەڕاستی ئەوە بێڕێزییە بە کەسوکاری شەهیدان، وەڵا پێداویستییەکان هیچ نەبوون، خاولی و حەفازە بوون، وەرن بۆ خۆتان تەسویر بکەن".

رێکخراوەکە لە ساڵی 2014وە بە سەرپەرشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان دامەزراوە. ئامانجیان یارمەتیدانی پێشمەرگە و بەتایبەتی کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعش بووە. ئەمجارە جلوبەرگیان بۆ نزیکەی 500 خانەوادەی شەهیدانی شەڕی داعش هێناوە لە پارێزگای هەولێر.

سادق محەممەد، نوێنەری رێکخراوەکە دەڵێت "داوامان لە ئەمریکییەکان کرد یارمەتیمان بدەن و ئەوانیش وەڵامیان داینەوە و هاتین و یارمەتیی کەسوکاری سەربەرزی پێشمەرگەمان کرد و بەنیازین یارمەتیی نزیکەی 500 خانەوادە بدەین".

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدوای پشێوی و ناڕەزایەتییەکان، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا لەگەڵ ئەوەی کە باسی یارمەتیی لەمێژینەی ئەو رێکخراوەی کرد بۆ کەسوکاری پێشمەرگە و شەهیدان، نیگەرانیی خۆیشی لەبارەی ئاستی یارمەتییەکان دەربڕی.

لە بەشێک لە بەیاننامەکەدا هاتووە "دیارە، ئەمڕۆ رێکخراوێکی خێرخوازیی جیهانی، لە پرۆژەیەکدا بڕیاریدا بە دابەشکردنی کۆمەڵێک کەلوپەلی وەکو هاوکاری پێشکەش بە کەسوکار و وارسی شەهیدانی شەڕی دژ بە داعش. تیایدا جۆر و قەبارەی کەرەستەکان گلەیی و نیگەرانیی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی لێکەوتەوە".

هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە "ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە، نیگەرانی ئەو رووداوەین، شەهیدان و کەسوکاری بەڕێزیان شایستەی زۆر لەوە زیاترن و تاجی سەرمانن، بە ئەرکی خۆمانی دەزانین، بە هەموو جۆرێک و بە باشترین شێوە خزمەتی وارسی شەهیدان بکەین".

بەرگری لە خاکی کوردستان لە بەرامبەر داعشدا نزیکەی 1800 شەهید و زیاتر لە 10 هەزار برینداری لێکەوتەوە. بنەماڵەی شەهیدانی شەڕی داعش ئەو یارمەتییانەیان زۆر نزمتر لە ئاستی قوربانیدانیان بینی و بەشێکیش لە کەلوپەلەکانیان لە ئاگری ناڕەزایەتییاندا سووتاند.
rudaw -
Top