لە قەرەچووخ 10 چەکداری داعش کوژران

لە قەرەچووخ 10 چەکداری داعش کوژران
سەرپەرشتیاری میحوەری گوێڕ- مەخمووری هێزەکانی پێشمەرگە رایگەیاند؛ لە زنجیرە چیای قەرەچووخ لە سنووری مەخموور "10 چەکداری داعش کوژران".

سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری گوێڕ-مەخمووری پێشمەرگە راگەیاند، بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی جموجۆڵەکانی داعش لە چیای قەرەچووخ، کە دەکەوێتە سنووری میحوەری 6ی مەخموور‌‌‌ـ گوێڕ، "لە دوو رۆژی رابردوودا 10 چەکداری داعش کوژراون".

بە گوتەی سیروان بارزانی ، پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشکنینیان لە سنووری قەرەچووخ دەستپێکردووە. دەشڵێ "ئەم ئۆپەراسیۆنانە بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی داعش نەتوانێت لە هیچ شوێنێک پێگەی خۆی قایم بکات".

لە ماوەی چەند مانگی رابردوو جموجۆڵی چەکدارانی داعش لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان زیادیکردووە و داعش بەردەوامە لە کوشتن و رفاندنی هاونیشتمانییان و دانانەوەی بۆسە، مانگی رابردوو سێ کەسیان لە شارۆچکەی شوان کوشت، کە هەر سێکیان کورد بوون. هەروەها لە قەراج باوکێک و سێ کوڕی بە بۆمبی چێندراوی داعش گیانیان لەدەستدا. لە پردی حەلوانیش لە رۆژهەڵاتی گوڵاڵە، خێزانێکی دە کەسی کەوتنە بۆسەی چەکداری نەناسراو، سێ کەسیان کوژران و دوو کەسی دیکەشیان برینداربوون .
rudaw -
Top