زانکۆی سلێمانی بەشە ناوخۆییەکان ناکاتەوە و زانکۆکانی دیکەش بە مەرج دەیکەنەوە

زانکۆی سلێمانی بەشە ناوخۆییەکان ناکاتەوە و زانکۆکانی دیکەش بە مەرج دەیکەنەوە
بەهۆی مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، زانکۆی سلێمانی بڕیاریدا بە هیچ شێوەیەک دەرگای بەشە ناوخۆییەکانی نەکرێنەوە، لە زانکۆکانی سەلاحەدین، هەڵەبجە، دهۆک و کۆیەش کردنەوەی بەشە ناوخۆییەکان مەرجدار دەبێت. سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین دەڵێت، "تاکە زانکۆین زۆرترین ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنامان هەیە".

پ. جەوهەر فەتاح سەعید، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین راگەیاند "کردنەوەی بەشە ناوخۆییەکانی قوتابیان مەرجدار دەبێت و وەکو ساڵانی پێشوو نابێت. میوانداریکردنی ئەو قوتابیانەی میوانداری دەیانگرێتەوە، دەبێت لەو شوێنەی هاتووە ئەگەر هەمان بەش هەبێت بچێت لە شوێنەکەی خۆی بخوێنێت و دوای ساڵەکە دەفتەر و بڕوانامەکەی بۆمان دێت و دێتەوە لەو زانکۆیەی ناوی هاتووەتەوە درێژە بە خوێندن دەدات".

سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین گوتیشی "کردنەوەی بەشە ناوخۆییەکان بەپێی رێنمایی وەزارەتی تەندروستی دەبێت، ئەگەر هەموو رێنماییەکان جێبەجێ بکەین، ئەو قوتابیانەی بەشی ناوخۆیی دەیانگرێتەوە بەپێی رێنمایی بەسەر بەشە ناوخۆییەکان دابەشیان دەکەین. چونکە ئێمە تاکە زانکۆین زۆرترین تووشبووی کۆرۆنامان هەیە، کە 800 قوتابی و مامۆستا و فەرمانبەرمان تووشبووی کۆرۆنا بوون. بۆیە لە کردنەوەی بەشی ناوخۆیی تەندروستیی قوتابیان لەپێش هەموو شتێکەوەیە".

سەبارەت بە خزمەتگوزاریی بەشە ناوخۆییەکان، پ. جەوهەر فەتاح سەعید باسی لەوە کرد "ئەگەر بەشی ناخۆییمان کردەوە و خزمەتگوزاریی نەبێت، کە کۆمپانیا ساڵێکە پارەی وەرنەگرتووە، ئەوە بەشی ناخۆیی دەبێتە زبڵخانە. ئەگەر زاڵبین بەسەر تەگەرەکان، بەشی ناوخۆیی دەکەینەوە".

هەروەها ئەمڕۆ دووشەممە 9ی تشرینی دووەم، د. رەزا حەسەن، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی لەگەڵ سەرجەم سەرۆکی بەش و کۆلێژەکانی زانکۆی سلێمانی کۆبووەوە، دۆخی ئێستای خوێندنیان هەڵسەنگاند. لە راگەیێندراوی زانکۆی سلێمانیدا هاتووە "بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، لەپێناو پاراستنی گیانی خوێندكاران بە هیچ شێوەیەك ناتوانین بەشە ناوخۆییەكان بكەینەوە".

لە راگەیێندراوەکەی زانکۆی سلێمانیدا باس لەوەش کراوە "پێویستە مامۆستایان هاوكاربن و كارئاسانی بۆ ئەو خوێندكارانەی دەرەوەی شار بكەن، كە بۆ خوێندنی وانە پراكتیكییەكان دێنەوە بۆناو كەمپەسەكان، هەوڵبدرێت وانەكان هەمووی بخوێندرێن و چڕبكرێنەوە بۆئەوەی لە چەند رۆژێكی هەفتەدا بخوێندرێن كەوا قەرەباڵخی و بەریەككەوتن كەمتربێت لە تاقیگەكاندا، ئەمەش تەنها لەپێناو پاراستنی گیانی خوێندكاران و مامۆستایاندایە".

د. مهاباد کامیل، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە راگەیاند "بەشی ناوخۆییمان کردووەتەوە و قوتابیشی لێیە، بەڵام بەشی ناوخۆیی نادەین بەوانەی خوێندنیان پارالێلە و 40 کیلۆمەتر لە سەنتەری شار دوورن. قوتابیانی ناوچە دوورەدەستەکانیش ناچارین بەشی ناخۆیان پێبدەین".

سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە گوتیشی "ئێستا تەنیا دوو باڵەخانەی بەشی ناوخۆیی کچانمان هەن، کە باڵەخانەکانیان تەواوبووە. هەرچی بەشە ناوخۆیی کوڕانە بەهۆی ئەوەی باڵەخانەکەیان تەواونەبووە چاوەڕوانی پۆلی تەکنیک دەکەین، هەرکات دەستیان بە دابەشکردنی بەشی ناوخۆیی کرد و شوێنیان هەبوو، هاوکارمان دەبن و شوێنی ئەوانە دەکرێتەوە کە بەشی ناوخۆیی دەیانگرێتەوە".

لای خۆشیەوە د. موسلیح دهۆکی، سەرۆکی زانکۆی دهۆک گوت "بەشە ناوخۆییەکان بۆ قوتابیانی ناوچە دوورە دەستەکان دەکرێنەوە، هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، بەرواری باڵا و شیلادزێ و ئەوانەی ناتوانن هاتووچۆ بکەن، بەشی ناوخۆییان پێدەدرێت، بەڵام لە هەوڵی ئەوەداین ئەمساڵ شوێنەکانی وەکو زاخۆ و ئەوانەی نزیکن بەشی ناوخۆییان پێ نەدەین بۆئەوەی ئەو قورساییەی هەیە کەمتر ببێتەوە".

سەرۆکی زانکۆی دهۆک باسیشی لەوە کرد "پار ساڵ حەوت هەزار قوتابیمان لە بەشی ناوخۆیی هەبوو، بەڵام ئەگەر زیاتر نەبێت ژمارەکەی کەمتر نابێت".

د. وەلی محمود، سەرۆکی زانکۆی کۆیە، راگەیاند "بەهۆی ئەوەی بەشە کردەییەکان خوێندنی قوتابیان لەناو هۆڵەکانی خوێندنە، بۆیە قوتابی هەیە خەڵکی سۆران، کەلەک و قەڵادزێ-یە و ناکرێت بەشی ناوخۆیی پێنەدەین، بۆیە بەشە ناوخۆییەکانمان کردووەتەوە، بەڵام بە رەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان. هەرچەندە کۆرۆنا و دۆخی دارایی قورسایی زۆری بۆ دروستکردووین".

سەرۆکی زانکۆی کۆیە ئەوەشی گوت "ئەگەر هاتوو زانیمان مەترسیی کۆرۆنا زیاتر بوو، ئەوکاتە لەبارەی خوێندن و بەشە ناوخۆییەکانیش بڕیاری دیکەمان دەبێت".

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتایی مانگی شووبات ناوەندەکانی خوێندن داخران، وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەستکراوەکران لە قەرەبووکردنەوەی پشووەکە و چۆنێتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان.

زۆربەی زانکۆکان لە 4-10-2020 دەستیان بە خوێندن کرد، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە خوێندنیش بەشێوەی ئۆنلاین، ئەلیکترۆنی و خوێندن لەنێو هۆڵەکان ئەنجامدەدرێت، بەتایبەت بۆ ئەوانەی خوێندنەکەیان پراکتیکیە.
rudaw -
Top