نێچیرڤان بارزانی: هێرشی سەر هێزەکانی عێراق دەیسەلمێنێت تیرۆر هەڕەشەیەکی بەردەوامە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، "ئەم هێرشانه دەیسەلمێنن كه تیرۆر ھەڕەشە و مەترسییەکی بەردەوامە و ژیان و ئارامیی هەموو لایەکمانی بە ئامانج گرتووە، بۆیە دەبێت هه‌موو لايه‌ك هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بين و به یەکگرتوویی بەرەنگاری ببینەوە."
رۆژی 2020/11/08 چەکدارانی داعش لە ناوچەی رەزوانییە لە رۆژئاوای بەغدا هێرشیان کردە سەر خاڵێکی پاسەوانیی هێزەکانی حەشدی عەشائیری و بەهۆیەوە 11 کەس کوژران.
چەکدارەکانی داعش بە نارنجۆک هێرشیان کردووە و دواتر تەقەیان لە هێزەکانی حەشدی عەشائیری کردووە.
ناوچەی رەزوانییە ناوچەیەکی سوننەنشینە، لە ماوەی رابردوودا بەردەوام ئەو شەڕ و رووبەڕووبوونەوانە هەر هەبووە، ئێستا خەڵکی ناوچەی رەزوانییە ناوچەکەیان چۆڵکردووە و سوپای عێراق و حەشدی عەشائیری چوونەتە ناوچەکە و بە تەواوەتی کۆنترۆڵی ناوچەکەیان کردووە.
دەقی راگەیێندراوەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان كاره تيرۆرستييه‌كه‌ى ڕەزوانییە سه‌ركۆنه ده‌كات
زۆر بە توندی ئەو پەلامارە تیرۆریستییە سەرکۆنە دەکەم کە دره‌نگانى شه‌وى ڕابردوو کرایە سەر بنکەیەکی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ڕەزوانییە و بە داخەوە ژمارەیەک قوربانی له هێزه ئه‌منييه‌كان و خه‌ڵكى مه‌ده‌نى لێکەوتەوه. هاوخەمى کەسوکاری قوربانیانم، هیوای زووچاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازم.
ئەم هێرشانه دەیسەلمێنن كه تیرۆر ھەڕەشە و مەترسییەکی بەردەوامە و ژیان و ئارامیی هەموو لایەکمانی بە ئامانج گرتووە، بۆیە دەبێت هه‌موو لايه‌ك هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بين و به یەکگرتوویی بەرەنگاری ببینەوە.
نێچيرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
٢٠٢٠/١١/٩
Rudaw -
