پەكەكە بە تەقاندنەوەی بۆڕییە نەوتەكە زیانی ١٠٠ ملیۆن دۆلاری بە هەرێمی كوردستان گەیاندووە
ڕۆژی ٢٨ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٠، بۆڕیی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان لەنێو سنووری جوگرافیی دەوڵەتی توركیا تەقێندرایەوە، پاشان پەكەكە بە فەرمی تەقاندنەوەی بۆڕییەكەی لە ئەستۆ گرت.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی (كوردستان ٢٤)، زیانی ئابووریی ئەو بۆڕییە نەوتەی لە لایەن پەكەكەوە تەقێندرایەوە، بۆ هەرێمی كوردستان ١٠٠ ملیۆن دۆلارە.
ئەوەش ئاشكرا كراوە كە هەر ئەم زیانە، كاریگەری لەسەر ڕێژەی داهاتی ئەم مانگەی هەرێمی كوردستان لە لایەك و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە لایەكی دیكەوە دەبێت.
ئەوەش ئاشكرا كراوە كە زیانی تەقاندنەوەی بۆڕییەكە، بەقەد مووچەی دوو مانگ و نیوی كەسوكاری ئەو دەیان هەزار شەهیدەیە كە لە پێناو كوردستان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و سەرخستنی هەرێمەكە خۆیان كردۆتە قوربانی.
هەر لەمبارەیەوە لەسەر زاری لەنجە دزەیی، ئەندامی لێژنەی شەهیدان و ئەنفالكراوان لە پەرلەمانی كوردستانەوە بڵاو كراوەتەوە، لە ئەنجامی تەقینەوەكەدا ڕۆژانە ١٠ ملیۆن دۆلار زەرەر بەر هەرێمی كوردستان كەوتووە كە چوار ڕۆژی ئەو زیانە بەقەد مووچەی كەسوكاری سەربەزی شەهیدان دەبێت.
جەختیشی كردۆتەوە: “لە کاتێکدا هەرێمی كوردستان و ناوچەكەش بە دۆخێکی قەیراناوی و پەتایەکی سەختی کۆرۆنادا تێپەڕدەبێت، ئەمە تاوانێکی مرۆیی گەورەیە. جگە لەوە (پەکەکە بەهۆی ئەم کارەیەوە) سەرکۆنە و ئیدانەکردنی نێودەوڵەتیشی رووبەڕووی خۆی کردەوە".
لە لایەن خۆیەوە ئەمڕۆ دووشەممە ٩ی ١١ی ٢٠٢٠، عوسمان ئۆجهلان، سەركردەی پێشووی پەكەكە و برای عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، رايگەیاند: ”بهیاننامهكهی ئەمریكا و فەڕەنسا بۆ پهكهكه شۆك بوو، ئەوان چاوەڕێی ئهوهیان نهدهكرد ئەمریكا بهو توندییه وهڵامیان بداتهوه، پهكهكه دوو ههنگاو چوهته دواوه، بیروبۆچوونی جیاوازیش لە نێویاندا دروست بووه“.
ڕوونیشی كردەوە كە لە بەیاننامەكەی ئەمریكادا بە ڕوونی دەردەكەوێت كە واشنتۆن پشتیوانی پەكەكە ناكات لە تەقاندنەوەی بۆڕیی نەوتی كوردستان و شەهیدكردنی پێشمەرگە و هێرشكردنە سەر دیپلۆماتكاران، ”تەنانەت خۆشیان گهیشتونهته ئهو باوەڕەی كه هەڵەن، بۆیه دهبینین لێرهو لهوێ داوای دانوستان دهكهن“.
عوسمان ئۆجەلان پێیوایە كە ”سهركردایهتیی ئێستای پهكهكه، به دهستی خۆیان حزبەكەیان لهناو دهبهن، ئهوهی پهكهكه دهیكات، شهڕفرۆشتنه، بهداخهوه حزبێك كە پێشتر بانگەشەی خەباتی بۆ ناوچەیەكی فراوان دەكرد، ئێستا كارەكانی خۆی بۆ چوار یان پێنج گوندی باشووری كوردستان بچووك كردۆتەوە و به چهپڵهی ههندێك لایەن، كهوتوهته سهنگهری دژه حكوومەتی هەرێمی كوردستان".
پەكەكە هەر بە تەقاندنەوەی بۆڕیی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان نەوەستا، بەڵكوو لە ڕۆژی ٤ی ١١ی ٢٠٢٠، بۆمبێكی چێنراوی لە ناحیەی چەمانكێی سەر بە ئامێدی، بە هێزی پێشمەرگەدا تەقاندەوە و چەكدارانی پەكەكەش تەقەیان لە هێزەكانی پێشمەرگە كرد كە لە ئەنجامدا ژمارەیەك پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون. بەم هۆیەوە گرژی لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پەكەكە قووڵتر بۆوە و ئەمریكا و فەڕەنسا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش سەركۆنەی هێرشەكانی پەكەكەیان كرد.
باسنيوز
