لەبارەى هاتنى چەند لیوایەکی سوپاى عێراق بۆ سنوورى کەرکووک ڕوونکردنەوە دەدرێت
نوورى حەمەعەلى، بەرپرسى میحوەرى رۆژئاواى کەرکووکى هێزەکانى پێشمەرگەی کوردستان، ڕاگەیاند: "شەوى رابردوو سێ لیواى فیرقەى 8ى سوپاى عێراق هاتوونەتە سنوورى پارێزگاى کەرکووک تا پردێ، بۆ پڕکردنەوەى شوێنى فیرقەى 6ى پۆلیسى فیدرالیى عێراق کە پێشتر لەو شوێنە بوون و ماوەى چەند رۆژێکە ئەو سنورەیان جێ هێشتووە".
راشی گەیاند: "ئاڵوگۆڕکردنى ئەو هێزانە لە سنوورى کەرکووک، لە چوارچێوەى راپەڕاندنى ئەرکى سەربازییە و حاڵەتێکى ئاساییە و لە هەمان سنوور و هەمان بارەگاى ئەو هێزانەى پێشتر و بەرامبەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە جێگیر کراون، دڵنیاییش دەدەین کە سەنگەرەکانى پێشمەرگە لەوپەڕى تۆکمەیین و لە هەمان شوێنى خۆیانن و رەوشەکە ئاساییە".
نووری حەمەعەلی ئەوەشى خستە ڕوو: "جگە لەو هێزەى شەوى رابردوو هاتوونەتە ناوچەکە، دوو جۆر هێزى دیکەش لە سنوورى کەرکووک هەن، کەچى نەیانتوانیوە ئەمنیەتى ناوچەکە بپارێزن و جموجۆڵى چەکدارانى تیرۆریستى داعش بنبڕ بکەن".
باسنيووز
