عوسمان ئۆجه‌لان: پەكەكە بە هێرشكردنە سەر پێشمەرگە ناوبانگی خۆی لە ئاستی نێودەوڵەتی خراپتر كردووە

عوسمان ئۆجه‌لان: پەكەكە بە هێرشكردنە سەر پێشمەرگە ناوبانگی خۆی لە ئاستی نێودەوڵەتی خراپتر كردووە


سیاسه‌تمه‌داری باكووری كوردستان رای گەیاند، پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بە هێرشكردنە سەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان و تەقاندنەوەی بۆڕیی گواستنەوەی نەوتی كوردستان بۆ توركیا، هێندەی دیكە ناوبانگی خۆی لە ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خراپتر كردووە.

عوسمان ئۆجه‌لان، سەركردەی پێشووی پەكەكە و برای عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: ”به‌یاننامه‌كه‌ی ئەمریكا و فەڕەنسا بۆ په‌كه‌كه‌ شۆك بوو، ئەوان چاوەڕێی ئه‌وه‌یان نه‌ده‌كرد ئەمریكا به‌و توندییه‌ وه‌ڵامیان بداته‌وه‌، په‌كه‌كه‌ دوو هه‌نگاو چوه‌ته‌ دواوه‌، بیروبۆچوونی جیاوازیش لە نێویاندا دروست بووه‌“.

ڕوونیشی كردەوە كە لە بەیاننامەكەی ئەمریكادا بە ڕوونی دەردەكەوێت كە واشنتۆن پشتیوانی پەكەكە ناكات لە تەقاندنەوەی بۆڕیی نەوتی كوردستان و شەهیدكردنی پێشمەرگە و هێرشكردنە سەر دیپلۆماتكاران، ”تەنانەت خۆشیان گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و باوەڕەی كه‌ هەڵەن، بۆیه‌ ده‌بینین لێره‌و له‌وێ داوای دانوستان ده‌كه‌ن“.

عوسمان ئۆجەلان پێیوایە كە ”سه‌ركردایه‌تیی ئێستای په‌كه‌كه‌، به ‌ده‌ستی خۆیان حزبەكەیان له‌ناو ده‌به‌ن، ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ ده‌یكات، شه‌ڕفرۆشتنه‌، به‌داخه‌وه‌ حزبێك كە پێشتر بانگەشەی خەباتی بۆ ناوچەیەكی فراوان دەكرد، ئێستا كارەكانی خۆی بۆ چوار یان پێنج گوندی باشووری كوردستان بچووك كردۆتەوە و به‌ چه‌پڵه‌ی هه‌ندێك لایەن، كه‌وتوه‌ته‌ سه‌نگه‌ری دژه‌ حكوومەتی هەرێمی كوردستان".

پاش ئەوەی پەكەكە لە ٢٨ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٠، بۆڕیی گواستنەوەی نەوتی كوردستانی تەقاندەوە، لە ڕۆژی ٤ی ١١ی ٢٠٢٠، بۆمبێكی چێنراوی پەكەكە لە ناحیەی چەمانكێی سەر بە ئامێدی، بە هێزی پێشمەرگەدا تەقییەوە و چەكدارانی پەكەكەش تەقەیان لە هێزەكانی پێشمەرگە كرد كە لە ئەنجامدا ژمارەیەك پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون. بەم هۆیەوە گرژی لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پەكەكە قووڵتر بۆوە و ئەمریكا و فەڕەنسا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش سەركۆنەی هێرشەكانی پەكەكەیان كرد.








باسنيوز
Top