لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان و یاسای قەرزەوە لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕوونكردنەوە دەدا
لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، دوای پەسندکردنی یاسای قەرز دوو مووچە دەدرێ. ڕاشی دەگەیەنێت، 320ملیار دیناری مووچەی فەرمانبەرانی کوردستانیش بەردەوام دەبێ.
د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عێراق ، ڕاگەیاند:" ئەو بڕەی بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان لە پەڕلەمان دەنگی لەسەر دەدرێت لەچوارچێوەی یاسای قەرز لەنێوان 10 بۆ 15 تریلیۆن دینارە كە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی مانگانەیە، كە سێ ترلیۆن و نیوە بۆ هەر مانگێك".
ئاماژەی بەوەش دا، دوای پەسەندكردنی یاساكە، حكوومەت دەتوانێت مووچەی هەردوو مانگی 10 و 11 پێكەوە دابەش بكات. گوتیشی: "پشكی هەرێمی کوردستان 320 ملیار دیناری مانگانەیە و گەرەنتی كراوە تا ڕێككەوتنی نوێی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر یاسای بودجەی 2021 دەکرێ، گفتوگۆی باشیش لە نێوان هەردوولادا کراوە".
ئاشكراشی كرد، لە بودجەی 2021دا ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا كاری پێدەكرێت و تیایدا هەرێمی کوردستان 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و 50%ی داهاتی دەروازە گومرگییەكان دەداتە بەغدا و لە بەرامبەردا بەشە بوودجەیەك بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێ.
جەختیشی کردەوە، یاسای قەرز كۆتایی ئەم هەفتەیە دەنگی لەسەر دەدرێت و بەهۆیەوە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و چاودێریی كۆمەڵایەتی و دەرمان و كۆبۆنی خۆراك و شایستە داراییەكانی جووتیاران گەرەنتی دەكرێن. گوتیشی: ”ڕاستەوخۆ دوای پەسەندكردنی یاسای قەرز، حكوومەتی عێراق دەست بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران دەكات“.
باسنيوز
