پۆلیسی فیدراڵی لە داقووق رێگری لە کێڵانی نزیکەی 7000 دۆنم زەوی دەکات

پۆلیسی فیدراڵی لە داقووق رێگری لە کێڵانی نزیکەی 7000 دۆنم زەوی دەکات
پۆلیسی فیدراڵی لە سنووری حەفتەغاری سەر بە قەزای داقووق رێگری لە کێڵانی نزیکەی حەوت هەزار دۆنم زەوی دەکەن. دوو ساڵە ژمارەیەک ماڵە عەرەبی هاوردە چوونەتە سنوورەکە و لە هەوڵدان دەست بەسەر زەویی کوردانی ناوچەکەدا بگرن.

دروستبوونی کێشەی نێوان هاوردەکان و کوردانی ناوچەکە وایکرد، هێزەکان رێگری بکەن لەوەی هیچ لایەکیان ئەمساڵ زەوییەکان بەکاربهێنن. جووتیارانی کورد دەڵێن "وێڕای ئەو بڕیارەش هاوردەکان ناوبەناو زەوییەکان دەکێڵن و پابەندنین"

ئەرکان عەلی بابا دانیشتووی ئاوایی مەنسوڕە و دەڵێت "پۆلیسی فیدراڵی و حکومەتیش دەزانن ئێمە بەڵگەی موڵکداریمان هەیە، نەک گرێبەستیش، ئێمەش ئەوها لێرە نەیکێڵین و دۆخەکە هەر وابێت، ناچارین بڕۆین و باربکەین".

کوردانی ناوچەکە بە بەڵگەی فەرمی خاوەندارێتیی زەوییەکان دەکەن، کەچی بەکارهێنانی زەویوزاریان لێ مەحرووم کراوە.

نەوزاد هیدایەت، خەڵکی ئاوایی فەریق ئاماژە بەوە دەکات "بڕیارەدراوە نە ئەوان جووتی بکەن و نە ئێمە، بەڵام ئەوان بە دزییەوە هەر دەیکەن، هێزەکە رازی نییە و قبووڵی ناکات، زەویی خۆیان لە دیالەیە لە حەمرینە، زەوییان لەو شارانەیە و هاتوون زەویی ئێمە دەکەن، ئێمەش قبووڵی ناکەین".

پۆلیسی فیدراڵی دەڵێن "بە ئامادەبوونی هەردوو لایەن ئەو بڕیارە دراوە و بۆئەوەی کێشە و ئاڵۆزی تەشەنە نەسێنێت تاوەکو حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار بڕیارێکی لەبارەوە دەدەن".

فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووکیش پێداگری دەکەن یاسا رێکاری خۆی بگرێتەبەر لە یەکلاکردنەوەی کێشەی ناوچەکە.

زوهێر عەلی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک گوتی "کێشەکە لەنێوان خەڵکی سنوورەکەدایە، نەخراوەتە پێش لیژنەی کشتوکاڵیی قەزا و ناحیەکان و نەخراوەتە پێش فەرمانگەی کشتوکاڵیی کەرکووک، بەرپرسی کاروباری زەوی تەنیا فەرمانگەی کشتوکاڵە، نابێت هیچ کەس کێشەکان یەکلابکاتەوە بەبێ هەڵوێستی یاسایی دادگاکان بەپێی رێنمایی وەزارەتی کشتوکاڵ و دەستەی زەویوزار سەبارەت بە کێشەی زەوی".

ساڵی 2018 بە نووسراوێکی راکان جبووری و نزیکەی 52 ماڵی عەرەبە هاوردەکان بە هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان لەو ناوچە نیشتەجێکران؛ ئێستا بوونەتە سەرئێشە بۆ کوردانی ئاواییەکانی حەفتەغار.
rudaw -
Top