ژنێک کە بژێوییان لەسەر پاشماوەی زبڵخانەکانە بە دڵی پڕەوە: جاری وا هەیە هیچمان نییە بیخۆین

ژنێک کە بژێوییان لەسەر پاشماوەی زبڵخانەکانە بە دڵی پڕەوە: جاری وا هەیە هیچمان نییە بیخۆین
خێزانێکی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە هەرێمی کورستان نیشتەجێن، بەهۆی نەبوونییەوە ئەگەر رۆژێک دەرگای زبڵخانە بەڕوویاندا نەکرێتەوە، رەنگە ئەو رۆژە دەرگای بژێویی ژیانیان بەڕوودا دابخرێت. ئەوان دابڕاون لە کەمترین ماف، بە هۆکاری سیاسی زیاتر لە 30 ساڵە لە باشووری کوردستان دەژین؛ کوڕەکەیان دوو منداڵ و کچەکەشیان سێ منداڵی هەیە. ژیانی 10 کەس بەندە بە دۆزینەوەی ئاسن و تەنەکەی نێو زبڵخانە.

پۆڵا عەبدوڵڵا کە کاسبکارە دەڵێت، ژیانیان بەندە لەسەر زبڵخانەکان، لە زبڵخانەکاندا ئاسن، نایلۆن یاخود هەر شتێک بێت، کۆیاندەکەنەوە و دەیفرۆشن، بۆ گواستنەوەی ئەو شتانەش کە کۆیاندەکەنەوە ئۆتۆمبێل دەگرن بە 30 هەزار دینار و دەیبەنە حاجیاوا.

کوردستان محەممەد کە ئەندامێکی خێزانەکەیە، باسی لەوە کرد، جاری وا هەبووە نانی وشکیان خواردووە و جاری وا هەبووە هیچ نەبووە و دراوسێکانیان جەژنی رەمەزان شتیان بۆ کڕیون و پێیان داون، گوتیشی "جاری وا هەبووە رشاومەتەوە، جاری وا هەبووە پێڵاوەکانم پڕ بوون لە خوێن و دەست و قاچم بریندار بوون".

ئەندامانی ئەو خێزانەی رۆژهەڵاتی کوردستان خەریکی کارێکی قورسن کە دەستکەوتێکی کەمیان لێی دەستدەکەوێت، بەرهەمی ئەو هەموو رەنجە قورسەی رۆژانەیان هێندەی ژەمێکی تێر خەمیان سووک ناکات، گەورە و بچووک وەکو یەک ماندوون.

کوردستان محەممەد لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی بەرپرسیار گوتی، هێندە ژیانیان خراپە کە هەندێکجار نان نییە بیخۆن و پێخەف و بەتانی نییە بیدات بە منداڵەکانیدا. گوتیشی، جاری وا هەیە بەهۆی نەبوونییەوە ئەوەی کۆیدەکەنەوە بە کۆڵ دەیبەنەوە.



لە ماڵی ئەم خێزانە نەداری و دەستکورتی لە هەموو کونجێک هەستپێدەکەیت، دۆخەکە منداڵەکانی ماڵەکەی لە منداڵی و خوێندن بێبەشکردووە. چارەنووسی ئەو سێ منداڵەی دایکیان کە لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە، خەریکە وەکو خاڵ و خاڵۆزا و باپیرە و داپیرەی لێدێت.

یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکە بەناوی تروسکە پۆڵا دەڵێت "دوو مانگە کرێ خانوومان نەداوە، نە پارەی کارەباشمان داوە نە هی ئاو، بابم و ئەوان پێویستیان بە نەخۆشخانەیە، بەڵام ناتوانن بچن چونکە پارەمان نییە، هەر لە ژوورەوەن و دەناڵێنن بە نەخۆشیی خۆیان، بابم دەستی تەواو نییە، ئیشی پێناکرێت، ئەو دەستەی کاتی خۆی گولـلەی بەرکەوتووە؛ دایکیشم کاتی خۆی مار پێوەیداوە و دەمارێکی ملی ئیش ناکات".

کە سیاسەت ئەم خێزانەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دابڕی، هیوایان وابوو رۆژێک یان بتوانن بگەڕێنەوە یان لەم پارچەیەی دیکەی کوردستان ژیانێکی سەقامگیر دەستەبەر بکەن، بەڵام ئەوەی کە دەبینرێت دوای 30 ساڵ، نەک ژیانیان هیچ سەقامگیر نەبووە، بەڵکو هەژاری وەها بەردەرگای پێگرتوون، دەڵێی چارەنووسێکی ئەبەدییە و بە بەژنی ژیانیان دووراوە.
rudaw -
Top