لە هەولێر شۆفێرێک لە کچێکی چوار ساڵی تاقانە دەدات و هەڵدێت

لە هەولێر شۆفێرێک لە کچێکی چوار ساڵی تاقانە دەدات و هەڵدێت


لە گەڕەکی گەلاوێژی هەولێر ئۆتۆمبێلێک لە منداڵێکی چوار ساڵ دەدات و دواتر شۆفێرەکەی رادەکات و کەسوکارەکەیشی دەڵێن: "کچەکەمان تەندروستیی زۆر خراپە و هێشتا شۆفێرەکەش دەستگیرنەکراوە."

رووداوەکە لە کاژێر 05:15 خولەکی ئێوارەی رۆژی هەینی 06-11-2020 روویداوە، منداڵەکە ناوی لیا رێبینە و لە ماڵی باپیری بووە. رەشید حەمەد یونس، باپیری لیایە و راگەیاند "رووداوەکە لەبەردەرگەی ماڵی ئێمە روویداوە، نەوەکەم هەفتەیەک بوو لەگەڵ باوک و دایکی لە ماڵی ئێمەن. بەڵام ئێوارەی دوێنێ ئۆتۆمبێلێک بێ رەحمانە لێی دەدات و دەیشێلێت، پاشان شۆفێرەکە هەڵاتووە."

باپیری لیا رووداوەکە بە "کارەسات" ناودەبات و دەشڵێت، " ئەو شۆفێرە زۆر بەخراپی لە کچەکەمانی داوە و ئێستا لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێر لەژێر چاودێری پزیشکدایە و دۆخی تەندروستی زۆر خراپە."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باپیری لیا ئاماژە بەوەدەدات کە "لیا تووشی خوێنبەربوون بووە و هەموو دوو کاژێر جارێک ئیشاعەی بۆ دەگیرێت، هەروەها سەری درزی داوە و جەرگی بریندارکردووە. بەڵام خۆشبەختانە دکتۆرەکان دەڵێن کە هیچ شوێنێکی نەشکاوە."

سەبارەت بە شۆفێرەکەش دەردەکەوێت دوای رووداوەکە شوێنەکە جێدەهێڵێت. باپیری لیا دەڵێت "لای پۆلیس سکاڵامان تۆمارکردووە و داوای دەستگیرکردنیمان کردووە، بەڵام پۆلیس لە لێکۆڵینەوەدایە و تاوەکو ئێستا شۆفێرەکە دەستگیرنەکراوە."

فازڵ حاجی، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر لەبارەی رووداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، " بابەتی ئەو کچە لای پۆلیسە و دوای دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە رەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ دەکرێت."


لیای تەمەن چوار ساڵلیای تەمەن چوار ساڵ


گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر لەبارەی سزای شۆفێرەکەش دەڵێت "لەبەرئەوەی شۆفێرەکە لە منداڵەکەی داوە و دواتر جێیهێشتووە تووندترین بڕیاری یاسایی لەسەر جێبەجێ دەکرێت. بەڵام ئەگەر هاتباو شۆفێرەکە دوای رووداوەکە منداڵەکەی جێنەهێشتبا و بردبای بۆ نەخۆشخانە، ئەوا لایەنی یاسایی لەبەرچاو دەگیراو سزاکەی زۆر سووکترە دەبوو لەوەی کە شۆفێر لە کەسێک بدات و پاشان هەڵبێت."

لیا تاقانەیە و ماوەی هەفتەیەکە لە هەریرەوە لەگەڵ دایک و باوکی بۆ لای باپیریان هاتوون، بەڵام وەک باپیری دەڵێت " دایک و باوکی زۆر نەدارن و بەهۆی نەبوونی کارەوە روویان لە هەولێر کردووە و باوک و دایکیشی بۆ کرێکاری هاتوونەتە هەولێر. بەڵام ئەم رووداوەیان بەسەرهاتووە و ئێستا هەردووکیان دڵتەنگ و نیگەرانن."

کەسوکارەکەی لیا بەزووترین کات داوا دەکەن شۆفێرەکە دەستگیربکرێت و بە سزای یاسایی خۆی بگەیێندرێت " چونکە زۆر بە خراپی لە کچەکەمانی داوە و دواتر جێیهێشتووە.
rudaw -
Top