لە سۆران چەند پڕۆژەی كارەبا بە گوژمەی زیاتر لە شەش ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەكرێن
لەسەر بودجەی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە گوژمەی 6 ملیۆن و حەوت سەد هەزار دۆلار، چەند پڕۆژەیەكی كارەبا لە دەڤەری سۆران كەوتنە واری جێبەجێكردنەوە.
لەمبارەوە مەغدید عەریف ئەحمەد، قایمقامی قەزاری سۆران بە وەكالەت، راگەیاند: "لە درێژەی كار و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دەڤەرەكەمان، چەند پڕۆژەیەكی كارەبا جێبەجێ دەکرێن، لەوانە پڕۆژەی راكێشانی هێلی 132 كەیڤی، نێوان قەزای (سۆران- خەلیفان) كە ئێستا دەستبەكارەكانی كراوە، هەروەها دوو پڕۆژەی دیكە كاریان تێدا دەكرێت، كە بریتین لە نۆژەنكردنەوە و گۆڕینی تەلەكانی كارەبای هێڵی سەرەكیی نێوان قەزاكانی (شەقڵاوە- سۆران) و فراوانكردنی وێستگەی گۆڕین بە گوژمەی 6 ملیۆن و 7سەد هەزار دۆلار، لەسەر بودجەی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێن".
قایمقامی قەزای سۆران بە وەكالەت، ئەوەشی خستە ڕوو: "تەواوبوونی ئەم چەند پڕۆژەیە كاریگەریی لەسەر باشتربوون و زیادبوونی پێدانی كارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتیان و چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی كارەبا دەبێت".
باسنيوز
