نووسهرێك: پەكەكە زۆربەی لایەنەكانی دەستەمۆ كردووە بۆیە پەلاماری هەرێمی كوردستان دەدات
فازڵ عومهر ساڵح، نووسهر و چاودێری سیاسی رایگەیاند: "بوونی پهكهكه له كوردستان نایاساییه، جێگای خهباتی ئهو حزبە باكووری كوردستانە نهك باشووری كوردستان، ههرێمی كوردستان ههرێمێكی فیدراڵیی دەستوورییە لە عێراقدا و پهرلهمان و حكوومهتی خۆی ههیه و بهپێی عورفی نێودهوڵهتی وەك قەوارەیەكی دەستووری مامهڵهی لهگهڵدا دهكرێت، پهكهكه به مافێك خاكی كوردستان دەكاتە سەربازگە و لە دژی وڵاتانی دیكەش بەكاری دەهێنێت؟“.
ڕوونیشی كردەوە، ئەو هێزی پێشمەرگەی كوردستانەی كە لە سەرەتای شەستەكانەوە خەبات بۆ ئازادیی خاكی كوردستان دەكات، ئێستا لە لایەن پەكەكەوە پەلامار دەدرێت، ئەمەش خیانەتە بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان، ”بێدهنگیش بەرامبەر بەو كارە، خیانەتترە، هەروەك هەندێك لەو هێزانەی كە لە دەسەڵاتی كوردستان بەشدارن، كەچی خۆیان لە ئاست دەستدرێژییەكانی پەكەكە بێدەنگ كردووە“.
ئەو نووسەرە دووپاتی كردەوە: ”پەكەكە خەریكە بە ناوی كوردەوە تیرۆرمان دەكات، بۆمب لەسەر شەقام و شوێنی هاتوچۆی هاووڵاتیان دادەنێتەوە و بۆریی نەوت دەتەقێنێتەوە، بۆیە ئەوەی پەكەكە دەیكات شەڕفرۆشییەكی ئاشكرایە و ئامانجیشیان هەرێمی كوردستانە، پەكەكە جگە لە پارتی، لایەنەكانی دیكەیان دەستەمۆ كردووە و بەشێك لە هێزەكان لە پەكەكە دەترسن و ناچار موجامەلەی دەكەن، بۆیە لە ئاست شەهیدكردنی پێشمەرگە بێدەنگن“.
ئەوەشی نەشاردەوە كە موجامەلەكردن و ترسی ئەو لایەنانەی تر لە پەكەكە، وای كردووە ئەو حزبە بیر لە پەلاماردانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكاتەوە و زیاتر جموجۆڵ بكات، بەو ئامانجەی بە داگیركەران بڵێت ئەوەتا من لە هەرێمی كوردستانم و فەرموون دەستدرێژی بكەنە سەر هەرێمی كوردستان. گوتیشی: ”دەبێ لایەنەكان ئەوە بزانن كە ئەگەر لە ترسی هەڵوێستی پارتی نەبێت، پەكەكە لە هەر ئانوساتێكدا بێت، هەوڵی سڕینەوەیان دەدات، چونكە پەكەكە جگە لە خۆی، دان بە هیچ لایەنێكی دیكەی كوردستاندا نانێت“.
ئەمە لە كاتێكدایە كە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە ٢٨ی ١٠ی ٢٠٢٠، هێرشی كردە سەر بۆریی گواستنەوەی نەوتی كوردستان و دواتر حزبەكە بە فەرمی تەقاندنەوەی بۆرییەكەی لەئەستۆ گرت. دوێنێ چوارشەممە ٤ی ١١ی ٢٠٢٠یش لە چەمانكێ بۆمبێكی بە هێزەكانی پێشمەرگەدا تەقاندەوە و هاوكاتیش تەقەیان لە پێشمەرگە كرد.
باسنیوز
