سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە کونسوڵى میسر دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە 4/11/2020 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە محەمەد وەجیه حیجازى كرد و لە دیدارێكدا نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایی دەستبەکاربوونى لە کونسوڵى تازەى میسر لە هەرێمى کوردستان کرد و هیواى سەرکەوتنى لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست، هەروەها خواستى هەرێمى کوردستانى بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ میسر دووپات کردەوە و ئاماژەى بەوە دا کە گەلى کوردستان بە ڕێزەوە لە پەیوەندییە مێژووییەکانى لەگەڵ میسر دەڕوانێت و تیشکى خستەر سەر ڕۆڵ و پێگەى میسر لە ناوچەکە.
کونسولى تازەى میسریش، سوپاسى گەل و سەرکردایەتیى هەرێمى کوردستانى کرد بۆ ئەو پێشوازی و پشتیوانییەى لە کونسوڵخانە و کارەکانى لە هەرێمى کوردستان دەکرێت و ڕێز و پێزانینى وڵاتەکەى بۆ پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان و بۆ ڕۆڵى پێشمەرگە لە شەڕى دژى تیرۆر و تێکشکاندنى داعش دەربڕى و خواستى وڵاتەکەى بۆ بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان بەتایبەتى لە بوارى ئابوورى و کولتووریدا دووپات کردەوە.
لەلایەكی دیكەوە، زیادکردنى گەشتى ئاسمانیى ڕاستەوخۆى هەولێر ـ قاهیرە بۆ چوار گەشتى هەفتانە، دەرفەتى خوێندن بۆ قوتابیانى کوردستان لە زانکۆکانى میسر، ڕۆڵى ئەلئەزهەر لە قووڵکردنەوەى کولتوورى پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن، دەرفەتى کار و وەبەرهێنان بۆ کەرتى تایبەت و وەبەرهێنەرە میسرییەکان لە عێراق و هەرێمى کوردستان، مەترسیى تیرۆر و ڕووبەڕووبوونەوەى و دۆخى ناوچەکە بەگشتى، چەند تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوون.
باسنيوز
