بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر: دابەشکردنی نەوت بەردەوام دەبێ

بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر: دابەشکردنی نەوت بەردەوام دەبێ


بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر ئاشکرای دەکات، دابەشکردنی نەوت بەردەوام دەبێت و لە چەند ناوچەیەک دابه‌ش كراوه‌.

ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر، ڕاگەیاند: "له ڕۆژی 23/10/2020ه‌وە، لە سنووری پارێزگای هەولێر دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی کراوە و دابەشکردنیش بەپێی ئەو بڕەی دەگاتە دەستمان، بەردەوامی دەبێت".

گوتیشی: "تاوەکوو ئێستا نەوت بەتەواوی لە دەڤەری سیدەکان دابەش کراوە، لە چۆمان نزیکە تەواو دەبێ".

بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر ئاماژەی بەوەش دا، هەفتەی داهاتوو نەوت لە ناوچەکانی سنوورى قەزای مێرگەسۆر دابەش دەکرێت، ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕوو: "بەپێی ئەو بەرنامەیه‌ى دانراوە، کە ناوچە سنووری و شاخاوییەکان تەواو بێت، لە شارۆچکە و شارەکانیش پڕۆسەى دابه‌شكردنى نه‌وت دەست پێدەکات".

پێشتر حکوومەتی عێراق ڕەزامەندی دابوو لە قۆناغی یەکەمدا 50 ملیۆن لیتر نەوت بداتە هەرێمی کوردستان، لەو بڕەش 16 ملیۆن لیتری بۆ پارێزگای هەولێر بوو.

ئارى کاکەشین باسى له‌وه‌ش كرد، بۆ ئەوەی لە هەولێر هەر ماڵێک بەرمیلێک نەوتی پێ بدرێت، پێویستیان به 100 ملیۆن لیتر نەوت هەیە.

بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر دەشڵێت: "حكوومه‌تى هەرێمی کوردستان لەگاڵمان له‌سەر هێڵن، بۆ ئەوەی نەوت بدرێتە هاووڵاتییان".

به‌پێى زانیارییه‌كان، بۆ دابەشکردنی بەرمیلێک نەوت بۆ هەر ماڵێک، هەموو هەرێمی کوردستان پێویستی بە 250 ملیۆن لیتر نەوت ھەیە.






باسنيوز
Top