وەزیری گواستنەوە: بە جێبەجێکردنى یاساى چاکسازیى زیاتر لە ملیارێک دینارمان بۆ خەزێنەى حکوومەت گەڕاندووەتەوە

وەزیری گواستنەوە: بە جێبەجێکردنى یاساى چاکسازیى زیاتر لە ملیارێک دینارمان بۆ خەزێنەى حکوومەت گەڕاندووەتەوە


وەزیرى گواستنەوە و گەیانددنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند چاکسازیی لە کەرتى گواستنەوە و گەیاندن دەستیپێکردووە و لە هەنگاوى یەکەمیشدا تواندراوە زیاتر لە ملیارێک دینار بۆ خەزێنەى حکوومەت بگەڕێندرێتەوە.

ئانۆ جەوهەر عەبدوکا، وەزیرى گواستنەوە و گەیاندنى حکوومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند: "لە چوارچێوەى جێبەجێکردنى یاساى چاکسازی لە کەرتى گواستنەوە و گەیاندن وەک زۆرینەى کەرتەکانى دیکە، پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ کۆمپانیاکان کراوە لە بوارى گواستنەوە و گەیاندن، بۆ ئەوەى پابەندى جێبەجێکردنى رێنماییەکانى حکوومەت بن و لە چوارچێوەى یاسادا کارەکانیان راپەڕێنن".

راشیگەیاند: "بە هۆى جێبەجێکردنى یاساى چاکسازیى لە کەرتى گواستنەوە و گەیاندن، توانیومانە داهاتێکى باش بۆ خەزێنەى حکوومەت بگەڕێنینەوە، لەم نێوەندەشدا زیاتر لە ملیارێک دینار بۆ حکوومەت گەڕاوەتەوە".

ئەوەشى خستەڕوو" ئاگادارى کۆمپانیاکانى گەیاندنمان کردووە کە پێویستە پابەندى مەرج و رێنماییەکانى حکووومەت بن لە دانى باج بە حکوومەت، دواى گرتنەبەرى رێککارەکانیش لەلایەن وەزارەتەوە، 11 کۆمپانیا دراونەتە دادگا و 3 کۆمپانیا هەڵوەشاونەتەوە و 15 کۆمپانیاش مامەڵەکانیان دەستپێکردووە، بەشێوەیەکى گشتى نزیکەى 50 کۆمپانیا رێککاریان بەرامبەر گیراوەتە بەر".







باسنيوز
Top