وەزارەتی تەندروستی: لە نەخۆشخانەکان شوێنی بەتاڵمان بۆ چاودێریی چڕ نەماوە
د. ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە راگەیاند "لە ماوەی شەپۆلی دووەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناداین، لە نەخۆشخانەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و گەرمیان شوێنەکانی چاودێری پڕبوون، شوێنی بەتاڵمان نەماوە. لە پارێزگای دهۆک نەخۆشخانەی حروق 20 بێدی دیکەمان زیادکردوون، بەڵام ئەوانیش پڕ بوون".
ئەمڕۆ سێشەممە 3ی تشرینی دووەمی 2020 بەراورد بە سێ رۆژی رابردوو، زۆرترین ژمارەی تووشبوون لە سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و گەرمیان بوون.
هەروەها زۆرترین ژمارەی مردنیش لە هەولێر و گەرمیان بوو، بەجۆرێک لە 24 کاژێری رابردوودا لە هەولێر حەوت کەس مردوون و لە گەرمیانیش چوار کەس.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، هۆکاری زۆربوونی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنای گەڕاندەوە بۆ "پابەندنەبوونی هاونیشتمانیان بە رێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا".
بەگوێرەی ئاماری تەندروستیی عێراق، لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا، لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق، دهۆک لە ریزبەندیی دووەمدایە لەڕووی زۆرترین ژمارەی چاکبووەکان، هەروەها دهۆک و هەولێر لە ریزبەندی دووەم و سێیەمی زۆرترین ژمارەی تووشبووە دەستنیشانکراوەکانن و سلێمانی و هەولێریش لە ریزبەندیی یەکەم و دووەمی زۆرترینی ژمارەی مردووانی کۆرۆنادا دێن.
تاوەکو ئێستا هاتووچۆی نێوان شارەکان ئاساییە، د. ئاسۆ حەوێزی گوتی "دۆخی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بەجۆرێکە نازانیت دوو رۆژی دیکە یان هەفتەیەکی دیکە چی دەبێت، بۆیە بەپێی کات و پێشهاتەکان بڕیار وەردەگیرێت. تاوەکو ئێستاش بڕیاری قەدەخەی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکان لەئارادا نییە".
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، لە 1ی ئازاری 2020ـەوە تاوەکو ئێستا 79,451 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستنیشانکراون، لەو ژمارەیە 50,294 تووشبوو چاکبوونەتەوە، 2,532 کەسیش مردوون و 26,625 تووشبووش لەژێر چاودێریدان، کە 1,235 تووشبوویان نوێن.
rudaw -
