بکوژی پۆلیسەکەی هەولێر دوو ساڵە بۆی دەگەڕێن کەچی لە گەڕەکێکدا دووکانی هەبووە

بکوژی پۆلیسەکەی هەولێر دوو ساڵە بۆی دەگەڕێن کەچی لە گەڕەکێکدا دووکانی هەبووە
هێزێکی پۆلیسی هەولێر و کوردستان بەدوای ئەو بکوژەدا دەگەڕێن کە پۆلیسیکی هەولێری کوشت و چواریشی بریندار کردووە. بکوژەکە دوو ساڵە پۆلیس بەدوایدا دەگەڕێت و سێ مانگە لە گەڕەکی راستیی هەولێر دووکانی پێڵاوی داناوە.

پەیوەند عیزەدینی تەمەن 20 ساڵان کە دوو ساڵە چووەتە ریزەکانی پۆلیسەوە، درەنگانی شەوی یەکشەممە 2020/11/01 کاتێک لەگەڵ تیمێکی چوار کەسیی پۆلیس هەوڵی دەستگیرکردنی داوالێکراوێکیان داوە، لە دووکانی داواکراوەکەدا لە گەڕەکی راستی بە دوو فیشەک گیانی لەدەستدا.

تۆمەتبار دوو ساڵ لەمەوبەر لەکاتی دەمەقاڵە لەگەڵ دراوسێیەکیدا راستەوخۆ تەقەی لێکردووە و دراوسێکەی بەهۆی قووڵی برینەکەیەوە 40 رۆژ لە چاودێریی چڕدا بووە. لەسەر ئەو رووداوە فەرمانی دەستگیرکردنی بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ کوشتن بۆ درەچووبوو.

برزۆ سەعید، پارێزەرە و دەڵێت، "تۆمەتبار ئیسماعیل عومەر ئیسماعیل لە وەزیران دراوسێی بریگرتەیەکی من بوو کە ناوی ئەندازیار شەمسەدینە، لەسەر پارچە فلینکۆتێکی دیوار بووبووە شەڕیان. دەمانچەی دەرهێنابوو و گوللـەی لە شانی ئەندازیار شەمسەدین دابوو و 13 سانتیمەری کون کردبوو و 40 رۆژ لەژێر چاودێریی چڕدا بوو."

برزۆ سەعید دەڵێت، "کەچی ئەو تۆمەتبارە بۆ سەعاتێکیش نەگیراوە. خێرا بە کەفالەت بەربوو. داواکاریمان پێشکەش کرد و دووبارە فەرمانی دەستگیرکردنمان بۆ ئەو تۆمەتبارە دەرکردەوە. دوو ساڵە بەدوایدا دەگەڕێین."

لە رووداوەکەدا عەقید عزەددین، بەڕێوەبەری بەشی رۆژئاوای پۆلیسی ناوشار بە سەختی برینداربووە و تاوەکو ئێستا دوو نەشتەرگەریی بۆ کراوە و لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدایە.

موقەدەم كەیوان، ئەفسەری بنكەی پۆلیسی بەختیاری و سێ پۆلیسی دیکە برینداربوون و دوای وەرگرتنی چارەسەر، رەوانەی ماڵەوە کراون.

تۆمەتبار کە لەدوای رووداوەکە نادیارە، فەرمانی دەستگیرکردنی بە تۆمەتی کوشتن و بریندارکردنی پۆلیسەکانیش بۆ دەرچووە.

لیوا تاریق ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان راگەیاند، "عیزەددین گەلێک رووداوی وای بینیوە و خەڵکی دەستگیرکردووە. زۆر لێوەی نزیک بووە کە نزیکەی مەترێک بووە. خێرا تەقەی لە هەموو پۆلیسەکان کردووە و هەڵهاتووە."

تۆمەتبارەکە تەمەنی 55 ساڵە، فەرمانبەری وەزارەتی پەروەردەیە و دوای شەڕ لەگەڵ دراوسێکەی، لە گەڕەکی وەزیران باری کردووە و نزیکەی سێ مانگە دووکانێکی پێڵاوفرۆشیی لە گەڕەکی راستی کردووەتەوە.

عەمید دلێر نەجار، بەڕێوەری پۆلیسی هەولێر دەڵێت، "ئەم کەسە یەکێک بووە لەوانەی کە ساڵانی رابردوو فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە."

لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا ئەوە دووەمین رووداوی هێرشکردنە سەر هێزەکانی پۆلیسە کە بەهۆیانەوە 6 پۆلیس برینداربوون و پۆلیسێکیش گیانی لەدەستداوە.
rudaw -
Top