تەندروستیی سلێمانی: لە مانگێکدا شەش هەزار و 940 تووشبووی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە
د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک ئاماری چاکبوونەوەی تووشبووانی کۆرۆنای راگەیاند، دەڵێت، لە 13-5-2020 تاوەکو 19-10-2020 لە شاری سلێمانی 13 هەزار و 961 تووشبووی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری نوێی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە 24 کاژێری رابردوودا هەزار و 137 کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون و 26 تووشبووی دیکەش مردوون.
لە 24 کاژێری رابردوودا 6933 پشکنینی نوێ کراوە، لەو ژمارەیە هەزار و 137 کەس تووشی کۆرۆنا بوون و 26 کەسی دیکەش گیانیان لەدەستداوە. هەروەها 513 کەس چاکبوونەتەوە.
ئێستا کۆی گشتیی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 78 هەزار و 216 کەس. لەو ژمارەیەش 43 هەزار و 858 کەس چاکبوونەتەوە و 2509 کەسیش گیانیان لەدەستداوە. هەروەها 31 هەزار و 849 کەس لەژێر چاودێریی پزیشکدان.
rudaw -
