گەنجێکی 18 ساڵان چوار رۆژە هاوژین و کچە دوو مانگەکەی جێهێشتووە و بێسەروشوێنە
ماڵی قادر لە گەڕەکی شەهیدانە لە هەولێر، ئەو لە ناوچەی پیشەسازیی هەولێر لە دووکانێکی فرۆشتنی کەلوپەلی ئۆتۆمبێل شاگردە. هاوژینەکەی دەڵێت، کەمێک بێتاقەت بوو، "بەڵام هیچی بە من نەدەگوت، لێم دەپرسی بۆ بێتاقەتی، دەیگوت، هی کارەکەمە و هیچ نییە".
لەنیا نەجمەدین هاوژینی قادرە و تەمەنی 16 ساڵانە، ئەوان ماوەی ساڵێکە ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە و کچێکی دوو مانگانیان هەیە. لە بارەی دیارنەمانی هاوژینەکەی لەنیا بە گوت، کاژێر 07:15 خولەکی بەیانیی پێنجشەممە لەگەڵ براکەی لەماڵ چووەدەرەوە بۆسەر کار و گوتی، "ئێوارە دەگەڕێمەوە.. هەر چاوەڕوانم کرد و هەر نەگەڕایەوە، تاوەکو ئێستا چاوەڕوانم و هیچ هەواڵی نییە".
لەنیا ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەیان لەگەڵ هیچ کەسێک نییە و گومانیان بۆ ئەوە ناچێت رفێندرابێت. دەشڵێت، لەڕووی تەندروستییەوە هیچ کێشەیەکی نییە، "تەنیا گومان دەکەم کەسێک بەزۆر بردبێتی و هەڵی خەڵەتاندبێت کە بچن بۆ ئەوروپا".
بنەماڵەی قادر سکاڵایان لەلای پۆلیس تۆمارنەکردووە، ئاسایشیان لە رووداوەکە ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام هێشتا سەرەداوێکیان دەستنەکەوتووە.
قادر بە داهاتی هەفتانەی 100 دۆلار لەو دووکانەی ناوچەی پیشەسازی کار دەکات، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە سەردانی وەستاکەی کردووە و پارەی هەفتەی وەرگرتووە و جێی هێشتووە، وەستاکەی بە رووداو گوت "زۆر بێتاقەت بووە".
وەستا عەباس وەستای قادرە و بە گوت، ئەو ئێوارەیە هاتە لای من، "زۆر بێتاقەت بوو، قادر زۆر ئارەزووی خواردنی دەکرد و کەسێکی خۆشخۆر بوو، ئەو رۆژە هێندە بێتاقەت بوو، دۆڵمەمان لە ماڵەوە بۆ هاتبوو بۆ دووکان، بەڵام (گوتی پێم ناخورێت)".
دوای ئەوەی لای وەستا عەباس دەڕوات، قادر بە تاکسییەک دەچێت بۆ نووسینگەکانی گەشتکردن لە نزیک فامیلی مۆڵی هەولێر، شۆفێری ئەو تاکسییە قسەی بۆ ئاسایش کردووە و گوتویەتی، "سەردانی شەش نووسینگەی کردووە". بۆیە کەسوکارەکەیشی گومان دەکەن، چوبێتە زاخۆ و لەوێوە هەوڵی چوونەدەرەوەی دابێت.
چوار رۆژە کەسوکاری قادر بە شوێنیدا دەگەڕێن و سەرەداوێکیان دەستناکەوێت، داوا دەکەن، هەر کەس زانیاریی لەبارەیەوە هەیە، پەیوەندییان پێوە بکات.
RUDAW -
