لیژنەی دارایی: تەقاندنەوەی بۆڕیی گواستنەوەی نەوت زیانی زۆری بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە
ئەمڕۆ دووشەمە 2/11/2020، لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری پەرلەمانی كوردستان، بەسەرپەرشتی زیاد جەبار سەرۆكی لیژنە و بە ئامادەبوونی جێگر و بڕیاردەر و ئەندامان و راوێژكارانی لێژنەکە، كۆبوونەوە و تاوتوێی ئامادەكردنی راپۆرتێكی تایبەت لەسەر جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشین لە هەرێمی كوردستان – عیراق، كرا و پێشنیازی ئەوە كرا بەمەبەستی دیاریكردنی خاڵە گرنگەكان و هەنگاوەكانی جێبەجێبوونی یاسای چاكسازی، لیژنەی دارایی بەوردی كار لەسەر راپۆرتەكە بكات، هاوکات لێژنەکە پێشنیازی ئەوەی كرد كە راپۆرتەكە ئاڕٍاستەی لیژنە تایبەتمەندییەكانی تری پەرلەمانی كوردستان بكرێت، بۆ ئەوەی بەپێی تایبەتمەندییەکانیان هەر لێژنەیەک راپۆرتی خۆی ئامادە بكات.
لە تەوەرێکی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ لەسەر تەقاندنەوەی بۆڕیی نەوتی هەرێم لە سنووری توركیا كرا، كە لەچەند رۆژی رابردوو ئەنجامدراوە، و ئەندامانی لیژنەكەش تیشكیان خستەسەر ئەوەی زیانێكی گەورەی بە ئابووریی هەرێمی كوردستان گەیاندووە، بە جۆرێك رۆژانە نزیكەی 10 ملیۆن دۆلار زیان بەهەرێمی كوردستان دەگەیەنێت.
ئێوارەی ڕۆژی ٣٠ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٠، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد كە بۆڕیی گواستنەوەی نەوتی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان لە توركیا تەقێندراوەتەوە. دواتریش هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) كە باڵی سەربازیی پەكەكەیە، لە راگەیاندراوێكدا بە فەرمی دانی بەوەدا نا كە چەكدارەكانیان لە ٢٨ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٠، لە هەرێمی باگۆكی سەر بە شاری مێردین، بۆڕییە نەوتەكەیان تەقاندووەتەوە.
باسنيوز
