مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە

مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ڕاگەیاندراوێكدا سوپاسی هەموو ئەو كەس و لایەنانە دەكا، كە هەڵوێستیان لە سەر هێرشكردنە سەر لقی پێنجی پارتی لە بەغدا نوواندووە.

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە، تێیدا هەڵوێست و ناڕەزایەتیی چەندان كەسایەتی و لایەنی سیاسی و كۆمەڵایەتیی عێراقی و كوردستانی و نێردەی دیپلۆماسی و حكوومی وڵاتان لەهەمبەر سووتاندنی ئاڵای كوردستان و هێرشكردنە سەر لقی پارتی، بەرز نرخاند. ئەمەش دەقی ڕاگەیاندراوەكەیە:



سوپاسنامەیەک لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە

لەماوەی رابردوودا چەند گرووپێكی گێرەشێوێن و لە یاسادەرچوو هێرشیان كردە سەر بارەگای پارتیمان لە بەغدا، کە بەداخەوە جگە لە سووتاندنی بارەگاكە، بێڕێزیان بەرامبەر بە ئاڵای گەلی كوردستان كرد، لەو سۆنگەیەوە چەندین كەسایەتی و لایەنی سیاسی و كۆمەڵایەتیی عێراقی و كوردستانی، هەروەها نێردەی دیپلۆماسی و حكومەتی وڵاتان ئیدانەی ئەو كارە قێزەونەیان كرد، چ بە بەیان یان نووسراو یان پەیام یانیش تەلەفۆن و، بێزارییان لەو جۆرە رەفتارانە دەربڕی؛ بۆیە بەناوی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی پارتیمانەوە، سوپاسی هەموو لایەك دەكەین و تەقدیری ئەو هەڵوێستەتان دەكەین كە ئاماژەیە بۆ رێزگرتن لە یاسا و دەستوور و دابونەریتی پێشكەوتووانە و رێزگرتن لە ماف و ئازادی و پیرۆزییەكانی لایەن و گەلانی دیكە.

رەفتاری ئەو چەند گروپە لە یاسا دەرچووانە كە بێڕێزی بەرامبەر ئاڵا و پیرۆزیی خەڵكی تر دەكەن و ئاژاوە دروست دەكەن، گوزارشتە لە ناخی پڕ لە رق و كینە و دواكەوتوویی لەڕووی سیاسی و كۆمەڵایەتی و كولتوورییان، رەنگدانەوەی هەست و نەستی دژ بە ئازادی و مافی گەلان، درێژە پێدەری ئەو كوولتورە نامرۆڤانەیە كە ئەنفال و كیمیاباران و 4500 گوندی كوردستانیان سووتاند و درێژەپێدەری ئەو سیاسەتەیە كە بڕوایەكیان بۆ خۆیان درووستكردوە كە هەموو پیرۆزییەكان لای ئەوانە، هەموو راستییەكان لای ئەوانە و نرخ بۆ پیرۆزی و راستی و ئازادی و بەها مرۆڤایەتییەكان دانانێن زۆر بەئاشكرا و بێباكانە هەوڵی پێشێلکردنی ماف و ئازادیی خەڵكی تر دەدەن و تەجاوزی سەر پیرۆزییەكانی گەلان و خەڵكی تر دەكەن.

دووبارە سوپاسی ئەو هەستە بەرزەی هەموو لایەنەكان دەكەین و ئاماژە بۆ گەورەیی و زۆری كەس و لایەنی دیکە، كە دژی ئەو رەفتار و كردەوە دواكەوتوو و دوور لە بەهای مرۆڤایەتییەن.



مەكتەبی سیاسی

پارتی دیموكراتی كوردستان

١ـی١١ـی٢٠٢٠











باسنيوز


Top