شێبل قاسم، ئەو مەزارگەی ئێزدییەکان بۆ بەدیهێنانی ئاواتەکانیان سەردانی دەکەن

شێبل قاسم، ئەو مەزارگەی ئێزدییەکان بۆ بەدیهێنانی ئاواتەکانیان سەردانی دەکەن


مەزارگەی شێبل قاسم، ئێزدییەکان دەڵێن باوکی مرازەکانە، لەبەر ئەوەیە دارێک لەنزیک ئەو مەزارگە هەیە کە ئێزدییەکان پێی دەڵێن داری مراز، کاتێک دوو ئەڤیندار دەچنە ئەوێ ئاواتیان دێتەدی.

خەلیل عەمۆ ساڵی رابردوو لەگەڵ رانیە عیدوی دەستگیرانی چوونەتە مەزارگەکە و نزایان کردووە بۆئەوەی مرازیان بێتەدی، دوای ئەوەی مرازەکەیان هاتووەتەدی، جارێکی دیکە سەردانی مەزارگەکەیان کردووەتەوە.

خەلیل عەمۆی ئەڤیندار دەڵێت "بەر لە ساڵێک کە هێشتا هاوسەرگیریمان نەکردبوو، سەردانی ئەم مەزارگەیەمان کرد، لەم داری مرازە داوای مرازی خۆمان کرد کە بەیەک بگەین، باشبوو ئەمڕۆ ئێمەی بەیەکگەیاند و هاوسەرگیریمان کرد".

زۆربەی ئەو خەڵکەی لە دەوروبەری مەزارگەکە دەبینرێن، کچ و کوڕن و بەشێکیان عاشق و ئەڤیندارن.

ئەڤیندارێکی دیکە بەناوی ئیلیاس خدیدە دەڵێت "من وەکو ئەڤیندارێک هاتووم گرێی خۆم لەو دارە بدەم بۆئەوەی ئاواتم بێتەدی، هیوادارم هەرکەسێک خۆشەویستی خۆی هەبێت، بێتە ئێرە، داواکارم لە خودا هەموو عاشق و ئەڤیندارەکان بەیەک بگەیێنێت".

ساڵانە دوو رۆژی تایبەت لەو مەزارگە هەن، ئێزدییەکان پێی دەڵێن "جەما". خاتوون عومەر قوتابییە و دەڵێت "شێبل قاسم باوکی مرازەکانە، زۆرکەس هەن دێنە لای شێبل قاسم بۆئەوەی مرازیان بێتەدی، کوڕ و کچ و هەرکەسێک منداڵی نەبێت".

جيلی ئیلیاس، مجێوری مەزارگەی شێبل قاسم گوتی، لە هەموو جەژنێکدا هەموو رێوڕەسمەکان بەڕێوەدەبەن.

مەزارگەی شێبل قاسم زیاتر لە 100 ساڵە لەسەر چیای شنگال هەیە؛ بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک دوای تێپەڕینی شەش ساڵ بەسەر کارەساتی شنگال، ئەمساڵ هەموو مەراسیمە ئایینییەکانی تێدا بەڕێوەچوون.
rudaw -
Top