وەزارەتی کارەبا: رۆژانە زیاتر لە 23 کاژێر کارەبا بە هاونیشتمانییان دەدرێت
ئومێد ئەحمەد، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان و گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا راگەیاند، لەم وەرزەدا بەهۆی نزمبوونەوەی پلەی گەرماوە بڕی بەرهەمهێنان و خواستی هاونیشتمانییان لەسەر بەکارهێنانی کارەبا لێکنزیکن، بۆیە "رۆژانە 23 کاژێر و نیو کارەبای نیشتیمانی هەیە، جگە لەو شوێنانەی گرفتی محاویلەیان هەیە."
ئومێد ئەحمەد ئاماژەی بەوە دا، کاژێرەکانی پێدانی کارەبا تاوەکو ناوەڕاستی ئەم مانگە بەوشێوەیە بەردەوام دەبن.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ملیۆنێك و 500 هەزار هاوبەشی کارەبا هەن. ئومێد ئەحمەد دەڵێت، ئێستا رۆژانە 2900 بۆ 3000 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت کە نزیکبووەتەوە لە خواست لەسەر بەکارهێنانی کە 3000 مێگاواتە.
لە وەرزی زستاندا بەپێی شارەکانی هەرێمی کوردستان خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا بەرز دەبێتەوە، بە جۆرێک دهۆک هەزار و 800 مێگاوات، سلێمانی هەزار و 800 مێگاوات و هەولێر دوو هەزار و 500 مێگاوات کارەبای پێویستە. جیا لەوانەش 200 مێگاوات کارەبا بە کارگەکانی ئاسن دەدرێت.
rudaw -
