لە کەرکووک جووتیارێکی کورد لەسەر رێگریکردن لە کێڵانی زەوییەکەی، هێزە ئەمنییەکان لێیدەدەن

لە کەرکووک جووتیارێکی کورد لەسەر رێگریکردن لە کێڵانی زەوییەکەی، هێزە ئەمنییەکان لێیدەدەن
جووتیارێکی کورد لە گوندی فەریقی حەفتەغار لە سنووری کەرکووک لەبەر ئەوەی رێگریی کرد لەوەی زەوییەکەی لەلایەن عەرەبە هاوردەکانەوە بکێڵرێت، هێزە ئەمنییەکان دەستگیریان کردووە و لێیانداوە.

عەرەبێکی هاوردە بە ناوی "هیلال درایم" کە خەڵکی سامەڕایە، تراکتۆری بردووەتە سەر زەویی جووتیارانی کورد لە ئاوایی فەریقی سەر بەناوچەی حەفتەغار لە قەزای داقووق و جوتیارانی کورد رێگرییان لێکردووە، بەڵام هێزە سەربازییەکان جووتیارێکی کوردییان دەستگیرکردووە و لێیانداوە.

ئەرکان عەلی بابا، ئەو جوتیارەیە بەیانیی رۆژی یەکشەممە 2020/11/01 پۆلیسی فیدراڵی دەستگیریان کردبوو، دوای ئازادکردنی راگەیاند، "هیلال درایم عەرەبێکی هاوردەیە و خەڵکی سامەڕایە. ئێستا هاتووەتەوە ناوچەکەمان بەیانی ئەمڕۆ بەتراکتۆرێکەوە هاتووەتە سەر زەویی کەرتی 16ی ئاوایی فەریق کە موڵکی کوردانی ناوچەکەیە."

ئەوانەی هەوڵی دەستگرتن بەسەر زەویی ناوچەی حەفتەغاردا دەدەن پێیان دەگوترێت هۆزی ئەبوعەلگە. ساڵانێکی زۆری سەردەمی حکومەتدارێتیی سەددام ئەو زەوییانەیان پێدرابوو.

ئەرکان و چەند جووتیارێکی دیکە رێگرییان کردووە و هێزە ئەمنی و سەبازییەکانیان ئاگادار کردوونەتەوە، گوتیشی، "کاتێک هێزە سەربازییەکان هاتن، لەبری ئەوەی رێگری لە کێڵانی زەوییەکانمان بکەن، ئێمەیان دەستگیرکرد و لەلایەن سەربازێکەوە هێرشکرایە سەرمان و بە زللە لێیداین."

ئەو جووتیارە کوردە گوتیشی، "چەند جارێک هیلال درایم هەوڵی داوە لە رێگەی دادگاوە زەوییەکە وەربگرێت، بەڵام تەواوی داواکارییەکانی رەتکراوەتەوە، کەچی بەردەوام لە هەوڵی دەستگرتنە بەسەر ئەو پارچەیە زەوییەدا."

کوردانی ئەو ناوچانە کە خاوەنی راستەقینەی زەوییەکانن، هەموو بەڵگەیەکی فەرمییان هەیە. رێککەوتنێکیان بە ئاگاداریی هێزەکان کردووە تاوەکو کێشەی زەوییەکانیان لە دادگە یەکلایی نەکرێتەوە هیچ لایەکیان کاری لەسەر نەکەن، بەڵام عەرەبە هاوردەکان رێککەوتنەکەیان شکاند و، هێزە ئەمنییەکانیش ئاسانکارییان بۆ دەکەن.

ئەو عەرەبە هاوردانە دوو ساڵ لەمەوبەر بە نووسراوێکی پارێزگاری بەوەکالەت و بە چاوساغیی هێزەکانی ناوچەکە گەڕێندرانەوە سنووری حەفتەغار. ئێستا بەهۆی چاوتێبڕینی ئەوانەوە نزیکەی حەوت هەزار دۆنم زەوی لە خاوەنەکانیان دابڕێنراون و بەکارناهێنرێن.
ruddaw -
Top