ڕاوێژكارێكی سەرۆك بارزانی: عەبادی 45 ملیار دۆلاری لە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بردووە
ئەمڕۆ یەكشەممە 1/11/2020 كیفاح مەحموود، ڕاوێژكاری مێدیایی سەرۆك بارزانی بە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی ڕاگەیاندووە: "هێشتا هەندێ كەس بە ئایدۆلۆژیای بەكارهێنانی هێز بۆ نەهێشتنی ململانێكانی نێوان حكوومەتی عێراق فیدراڵ و هەرێمی كوردستان و پارێزگاكان بیر دەكەنەوە، وەك ئەوەی عەبادی لە 16ـی ئۆكتۆبەری 2017ـدا هێزی لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان بەكار هێنا".
ئاماژەی بەوەش كرد، كە ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق، بۆ ئەوەیە سنوورێك بۆ ئەو ماڵوێرانی و ڕەفتارە هەڵانە دابنرێ، كە بوونە هۆی وێرانكردنی شنگال، بەهۆی هێرش و چوونە پێشی هێزی چەكدار بۆ ناوچەكە، بە تایبەتی چەكدارانی پەكەكە.
كیفاح مەحموود، تیشكی خستە سەر ئەوەش، كە "عەبادی هێشتا بەو تێهزرینەی پێشتر بیر دەكاتەوە، كە وای كرد عێراق بگاتە ئەم مایەپووچی و شكستە سیاسییە."
ئاماژەی بەوەش كرد، كە عەبادی چوار ساڵ فەرمانڕەوایی عێراقی كرد، خۆی و ئەوانەی پێشتریش نەیانتوانی عێراق بەرەو پێش ببەن، "ئابڵووقەیان خستە سەر هەرێمی كوردستان و بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵ بەشی هەرێمی كوردستانیان لە بودجەی حكوومەتی گشتیی عێراق برد، كە نزیكەی 45 ملیار دۆلار بوو، لە كاتێكدا هیچ عێراقییەك نازانێ ئەو بڕە پارەیە بۆ كوێ چوو؟".
باسنيوز
