دابەشكردنی خۆراك بەسەر 107 هەزار خێزانی هەولێردا دەستی پێ كرد
ئەمڕۆ یەكشەممە 1/1!1/2020، یووسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی هەولێر، ئاشكرای كرد، لەمڕۆوە دەست كرا بە دابەشكردنی خۆراك بەسەر 107 هەزار خێزان لە سنووری پارێزگای هەولێر، ئەوەش لە چوارچێوەی هاوكاریی گشتیی حكومەتی هەرێمی کوردستان و كۆمپانیای رۆزنەفتە بۆ 312 هەزار خێزان لە هەرێمی كوردستان.
ئاشكراشی كرد، هاوكارییەكە برنج و زەیت لە خۆ دەگرێت و بەسەر منداڵانی بێ سەرپەرشت، ئافرەتانی بێهاوسەر، كەمئەندام، كرێكار، بێ كار، كرێچی و ئەو كەسانەی كە سەرۆك خێزانیان بەند كراوە، دابەش دەكرێت.
باسی لەوەش كرد، لیستی ناوەكان بە هاوكاری و هەماهەنگیی پارێزگای هەولێر ئامادە كراوە و لە ڕێگای بریكارەكانی خۆراك بەسەر خێزانەكاندا دابەش دەكرێت.
ئاشكراشی كرد، كە بەم زووانە هاوكارییەكی تری 100 هەزار دیناری بەسەر خێزانە هەژار و كەمدەرامەتەكان دابەش دەكرێت، "لیستی ناوەكانمان ئامادە كردووە، تەنیا چاوەڕێی وەزارەتی دارایین چەند بانكێكمان بۆ دەست نیشان بكات بۆ دابەشكردنی ئەم هاوكارییە بەسەریاندا".
باسنيوز
