خۆبەخشێکی تەندروستی: دوو جار تووشی کۆرۆنا بووم

خۆبەخشێکی تەندروستی: دوو جار تووشی کۆرۆنا بووم

لە سلێمانی لە هەر چوار نەخۆشخانەکەی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەموو نەخۆشەکان لەلایەن 450 کارمەندی خۆبەخشەوە خزمەت دەکرێن. خۆبەخشێکیش دەڵێت کە دوو جار تووشی ڤایرۆسەکە بووە.

کۆسار یەکێکە لەو کارمەندە خۆبەخشانەی کە شەو و رۆژ خزمەتی تووشبووانی کۆڤید-19 دەکەن.

ئەو حەوت مانگە لە نەخۆشخانەیەک رووبەڕووی کۆرنا دەبێتەوە، دوو جاریش لە دوو کاتی جیاوازدا تووشی ڤایرۆسەکە بووە و چوار جاریش نیشانەکانی کۆرنای لە ماوەی جیاواز جیاوازدا لێدەرکەوتووە.

کۆسار عەلی، سەرپەرشتیاری کارمەندانی خۆبەخشە و راگەیاند، "لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرناوە لە نەخۆشخانەی شەهید تاهیر کاردەکەم و بەو هۆیەشەوە کە بەرکەوتنم لەگەڵ نەخۆشەکان هەیە، نەچسومەتەوە ماڵەوە، هەر لێرە دەمێنمەوە."

کۆسار دەڵێت، "لەو کاتەوەی لێرەم، دووجار تووشی کۆرنا بووم. کە هەستم کردووە بێتاقەت بووم و نیشانەکانم تێدایە، پشکنینم کردووە و لە مانگی ئایار و مانگی تەممووزدا کە ماوەیەکی زۆر لەنێوانیاندا هەیە پشکنینم کرد و پشکنینەکەشم پۆزەتیڤ دەرچوو. چەندین کارمەندی دیکەشمان هەیە کە بە هەمان شێوە بۆ جاری دووەم تووشی کۆرۆنا بوون."

دوو کارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستی بۆ جاری دووەم تووشی کۆرنا بوون. بەڕێوەبەری فەرمانگەکە دەڵێت، هیچ ئومێدێک نییە بۆ ئەوەی چاکبووەکان تووشی کۆرۆنا نەبنەوە جگە لە خۆپاراستن.

د. رزگار عەلی، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی سلێمانی راگەیاند، "لە ماوەی رابردوودا دوو کارمەندی بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئێمە تووشی کۆرۆنا بوون و لە لێکۆڵینەوەداین لەو حاڵەتانە و بەپێی لێکۆڵینەوە زانستییەکانیش ڤایرۆسی کۆرۆنا لەبەر ئەوەی توانای خۆگۆڕینی هەیە، هیچ ئومێدیکیش نییە کە کەسێک بۆ جاری یەکەم تووشی بوو، ئیتر تووش نەبێتەوە، بەڵکو دژە تەنی کۆرنا رەنگە بۆ مانگێک تاوەکو شەش مانگ کەمتر بێت."

تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان هیچ کام لەو کەسانەی بۆ جاری دووەم تووشی کۆرنا بوون رەوانەی نەخۆشخانەکان نەکراون، چونکە بەشێک لە پزیشکان لەو باوەڕەدان ئەو کەسانە لە جاری یەکەمدا تووشی کۆرنا نەبوون، بەڵکو تەنیا نیشانەی پەتاکانی هاوشێوەی کۆرۆنایان هەبووە.

د. راستی حسێن، پزیشکی پایەبڵندی هەناوییە و دەڵێت، "تاوەکو ئێستا لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی هیچ حاڵەتێک تۆمارنەکراوە کە دەرکەوتبێت ئەو کەسە بۆ جاری دووەم و بەپێی پشکنینەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە لەشیدا هەیە."

بەلام پزیشکێکی دیکە پێی وایە کەیسەکان زۆرن، بەڵام تۆمارناکرێن.

د. زانا حەمید، پسپۆڕی کۆرۆنایە دەڵێت، "بەپێی ئەزمونی ئێمە، لە هەرێمی کوردستان چەندین حاڵەتی وا هەن، بەڵام تۆمارنەکراون و لە چەند رۆژی رابردووشدا کەسێکمان هەبوو کە مانگێک دەبوو لە کۆرۆنا چاک بووبووەوە، سەردانی نەخۆشخانەی کردبوو تا پلازما ببەخشێت، بەڵام لە پشکنینە نوێیەکەیدا دەرکەوتبوو کە بۆ دووەم جار تووشی کۆرنا بووەتەوە."

بەپێی گوتەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش ئەگەر خۆپارێزییەکان بەو شێوەیەی ئێستا پشتگوێ بخرێن، ئەوا لە ماوەی مانگی داهاتوودا ژمارەی قوربانییەکان دوو هێندە دەبن.
rudaw -
Top