سەرۆكی پێشووی لیژنەی پێشمەرگە: تەقاندنەوەی بۆڕیی نەوتی كوردستان لەلایەن پەكەكەوە كردەوەیەكی تیرۆریستییە
سەرۆكی پێشووی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمان، بە "كردەوەیەكی تیرۆریستی" ناوی دەبات.
ئەمڕۆ شەممە 31/10/2020، شیلان جەعفەر، سەرۆكی پێشووی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان، ڕایگەیاند، سەبارەت بە تەقاندنەوەی بۆڕییەكە ئەوەیان قوتی خەڵكی هەرێمی كوردستانە، پەكەكە لە جیاتی ئەوەی هاوكاری هەرێمی كوردستان بكات، دێت و دیسان جارێكی تر كار بۆ بڕینی قوتی خەڵك دەكات، پەكەكە جیاوازی نییە لەگەڵ هێزێكی دژە كورددا.
گوتیشی، تەقاندنەوەی بۆڕیی گوێزەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەلایەن پەكەكەوە، كردەوەیەكی تیرۆریستییە و خەڵكیش ئیدانەی ئەو كردەوە تیرۆریستییە دەكات.
دووپاتیشی كردەوە، كە بوونی پەكەكە لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا بووەتە هۆی ئەوەی "توركیا هێز بنێرێتە ناو خاكی هەرێمی كوردستان و گوندنشینانی ناوچە سنوورییەكان ژیانیان نالەبارە و تەنانەت ناتوانن بڕۆنە سەر باخ و ڕەزەكانیشیان".
ئاماژەی بەوەش كرد، كە حكوومەتی عێراق بێدەنگە لە ئاست ئەو پێشێلكارییانەی پەكەكە، بۆیە بە هەر شێوەیەك بێت دەبێت "پەكەكە لە خاكی هەرێمی كوردستان دوور بكەونەوە."
باسنیوز
