نێچیرڤان بارزانى: خەبات و دڵسۆزیی د. نەجمەدین كەریم لە بیری خەڵكی كوردستاندا بەزیندوویی دەمێنێتەوە

نێچیرڤان بارزانى: خەبات و دڵسۆزیی د. نەجمەدین كەریم لە بیری خەڵكی كوردستاندا بەزیندوویی دەمێنێتەوە
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان په‌یامێكى بۆ كۆچى دوایی د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم بڵاو كرده‌وه‌ و ده‌ڵێت: "د. نەجمەدین كەریم تەمەنی گەنجیی خۆی بەخشییە شۆڕشی كوردستان".

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 31/10/2020، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، په‌یامێكى بۆ كۆچى دوایی د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم بڵاو كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات: "كۆچی دواییی د. نەجمەدین كەریم، بۆ ئێمە و بۆ گەلی كوردستان هەواڵێكی خەمناك بوو، پرسە و سەرەخۆشیی قووڵم پێشكه‌ش بە هاوسەر و منداڵەكانی، كەسوكار و خزمانی و خەڵكی كەركووك و گەلی كوردستان دەكه‌م، هاوخه‌میانم".

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ ڕوو: "د. نەجمەدین كەریم، تەمەنی گەنجیی خۆی بەخشییە شۆڕشی كوردستان و وەك پزیشكێكی لێهاتوو و پێشمەرگەیەك بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوول و هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی گوڵاندا كرد، له‌ كاتى نه‌خۆشكه‌وتنى بارزانیى نه‌مردا، دڵسۆزانه‌ خزمه‌تى كرد، لە ئەمریكا وەك پزیشكێكی كارامه‌ كاری كرد بەبێ ئەوەی لە خەباتی سیاسی و دیپلۆماسی داببڕێت".

نێچیرڤان بارزانى باسى له‌وه‌ش كردووه‌: "د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم هۆگری و پابەندییەكی بێسنووری بۆ شارەكەی، كەركووك هەبوو، دوای ئەوەی بووە پارێزگار، زۆر كاری گرنگی خزمەتگوزاری بۆ كه‌ركووك ئه‌نجام دا، دووركەوتنەوەشی لە كەركووك بەشێوەیەكی نائاسایی و بارودۆخی ئاڵۆزی شاره‌كه‌، كاریگەرییەكی زۆری لەسەر دروست كردبوو".

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: "د. نەجمەدین دڵسۆزی كوردستان و نەتەوەكەی بوو، لەبەر ئەوەش پەیوەندییەكی زۆر فراوانی لەگەڵ خەڵك و هێز و لایەنەكانی كوردستاندا هەبوو، به‌تایبه‌تى سه‌رۆك بارزانى و خوالێخۆشبوو سه‌رۆك مام جه‌لال، بۆ هه‌موو ئەو ئەركانەش ئاماده‌ بوو كه‌ بەهۆی ئەو پەیوەندییە فراوانەیەوە دەكەوتنە سەرشانی، خەبات و دڵسۆزیی د. نەجمەدین كەریم لە بیری ئێمە و هەموو دۆست و ئاشنایانی و خەڵكی كوردستاندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە".











باسنيوز



Top