نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکووک کۆچی دواییکرد
لە راگەیێندراوی نووسینگەی د. نەجمەدین کەریمدا هاتووە، کاژێر 11:00ـی شەو بەکاتی ئەمریکا کۆچی دواییکردووە.
28ـی ئەم مانگە نووسینگەی نەجمەدین کەریم بڵاویکردەوە، "بەداخەوە چەند رۆژێک بەر لە ئێستا، دکتۆر نەجمەدین کەریم، وەك هەر هاووڵاتی و مرۆڤێكی ئاسایی، تووشی جەڵتەی مێشک هاتووە و بەهۆیەوە کەوتووەتە نەخۆشخانە".
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەکەی، دکتۆر نەجمەدین کەریم پێش کۆچکردنی یەکجارەکی، راسپاردەی ئەوەی بەجێهێشت، کە لەبەر سەلامەتی و تەندروستیی گشتی لە دۆخی ئێستای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هیچ جۆرە قەرەباڵەخی و پرسەیەکی بۆ دانەنرێت.
لەسەر وەسێتی خۆی، د. نەجمەدین کەریم بە شێوەیەکی کاتی "لە كوردستان بە خاک دەسپێردرێت، تاوەکو ئەو کاتەی شاری کەرکووك ئازاد دەکرێت و لەژێر ئەمنییەت و ئارامیی هێزەکانی پێشمەرگە دەبێت، بە شێوەیەکی هەمیشەیی دەبرێتەوە بۆ شاری کەرکووكی پیرۆز".
د. نەجمەدین کەریم لە ساڵی 1949 لە کەرکووک لەدایکبووە، تاوەکو خوێندنی ئامادەیی لەو شارە بووە و دواتر چووەتە موسڵ و بەشی پزیشکی لە کۆلێژی پزیشکیی موسڵ خوێندووە. لە ساڵی 1972ـەوە بووەتە پێشمەرگە.
لە ساڵی 1975 عێراقی بەجێهێشتووە و لە ئەمریکا ژیاوە. لە ساڵی 2009ـش گەڕاوەتەوە کەرکووک. لە ساڵی 2011 تاوەکو 2017 پارێزگاری کەرکووک بووە.
رووداو
