لیژنەى هاوبەشى هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستى بڕیار لەبارەی پرۆسەى خوێندن دەدەن

لیژنەى هاوبەشى هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستى بڕیار لەبارەی پرۆسەى خوێندن دەدەن
ئەندامێکى لیژنەى پەروەردە و خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانى کوردستان رای گەیاند بە ئامانجى هەڵسەنگاندنى بارودۆخی پرۆسەی خوێندن، لێژنەیەکی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەفتەی داهاتوو بڕیار لەبارەى بەردەوامبوون یان وەستانى خوێندن دەدەن.

گولستان باقى نهێلى، ئەندامى لیژنەى پەروەردە و خوێندنى باڵا لە پەرلەمانى کوردستان راى گەیاند: "دواى ئەوەى بڕیارى کردنەوەى دەرگاى قوتابخانەکان درا و پۆلەکانى 1 و 2 و 12ى بنەڕەتى چوونە پۆلەکانى خوێندنەوە، ژمارەیەکى زۆر قوتابى و مامۆستا تووشى پەتاى کۆرۆنا بوون، بۆیە بیروڕاى جیاواز لەسەر بەردەوامبوونى پڕۆسەى خوێندن هاتنە ئاراوە، بۆچوونى یەکەم پێیان باشە پڕۆسەکە بەردەوام بێت و بۆچوونى دووەمیش داواى راگرتنى خوێندن دەکەن".

راشی گەیاند: "بۆ بڕیاردان لەسەر پڕۆسەکە سەرەتاى هەفتەى داهاتوو لیژنەى هاوبەشى هەردوو وەزارەتى پەروەردە و تەندروستیى حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ دەبنەوە و دواى هەڵسەنگاندنى بارودۆخەکە، بڕیار دەدەن ئایا پڕۆسەى خوێندن بەردەوام بێت، یان دەرگاى قوتابخانەکان دابخرێن و خوێندن بەتەواوى ببێتە سیستەمى ئۆنلاین".

ئاماژەى بەوەش کرد: "گیانى مامۆستا و قوتابیان لە هەموو شتێک گرنگترە، بۆیە ئەگەر لێژنەکە هەست بە مەترسى بکەن لەسەر گیانى مامۆستا و قوتابیان، ئەوا بڕیار لەسەر داخستنى ناوەندەکانى خوێندن دەدەن، جگە لەمەش ئەو مامۆستایانەى کە تووشى کۆڕۆنا دەبن بۆ ماوەى 15 رۆژ مۆڵەت وەردەگرن، بەمەش بۆشایى لە قوتابخانەکان دروست دەبێت".

گولستان باقی نهێلی ئەوەشى خستە ڕوو: "زانکۆ و پەیمانگەکانیش کە ئێستا بە شێوەى ئۆنلاین وانەکانیان دەخوێنن، دەبێ یەکلایى بکرێنەوە، کە ئایا بەمشێوەیە بەردەوام بێت، یان قوتابیان بگەڕێنەوە ناوەندەکانى خوێندن".












باسنیوز



Top