ڤیان سەبری: باشترین شێوازمان لە دابەشكردنی بازنەكانی كەركووك مسۆگەر كرد

ڤیان سەبری: باشترین شێوازمان لە دابەشكردنی بازنەكانی كەركووك مسۆگەر كرد


دواجار ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگی بە بازنەكانی كەركووك بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دا و سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانیش ئاماژە بەوە دەكات كە باشترین شێوازیان لە دابەشكردنی بازنەكانی كەركووك بە دەست هێناوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 29/10/2020، ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو ڕێككەوتنەی كرا، لەسەر فرەبازنەیی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، دەنگ لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی بازنەكانی كەركووكیش درا و دابەشی سەر سێ بازنە كرا.

گوتیشی، ئێمە پێداگیریمان كرد لەسەر دەنگی كورد، بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی شاری كەركووك كە زۆرینەی دەنگی كوردە و پێنج كورسی بۆ دابنرێت و لە ناوەندی كەركووكیش كە گەڕەكی تێكەڵەن 4 كورسی بۆ دابنرێت و هەرچی ناوچەكانی باشووری رۆژئاوای كەركووكیشە كە عەرەبنشینن سێ كورسی، بەو جۆرە توانیمان باشترین شێواز لە دابەشكردنی بازنەكانی كەركووك بۆ كورد بەدەست بهێنین.

جێی ئاماژەیە، ژمارەی كورسییەكانی كەركووك بۆ پەرلەمانی عێراق 12 كورسییە، كە سێ كورسیی بۆ كۆتای خانمانە.







باسنيوز
Top