ئەو کەسەی هێرشی کردە سەر دەرمانخانەیەکی هەولێر: پەرستارەکە ئامادە نەبوو چارەسەری نەخۆشەکەمان بکات

ئەو کەسەی هێرشی کردە سەر دەرمانخانەیەکی هەولێر: پەرستارەکە ئامادە نەبوو چارەسەری نەخۆشەکەمان بکات
دەوروبەری کاژێر 12:00ی شەوی رابردوو، لە ناحیەی کەورگۆسک سەر بە هەولێر، هێرش بۆسەر دەرمانخانەیەک کرا، پیاوێک دوای دەمەقاڵە لەگەڵ کارمەندانی دەرمانخانەکە، بە چەکەوە بۆیان گەڕاوەتەوە.

کارمەندانی دەرمانخانەکە باسی رووداوەکە دەکەن، یەکێک لەو کارمەندانە بەناوی (س. ر) باسی لەوە کرد "[پیاوەکە] چووە بەر دەرگا بەبێ هیچ قسەیەک، گوتی دەتانکوژم، بزریشتان دەکەم. من هیچم پێنەگوت، بەڵام گوتم ئێمە لێرە ناسراوین و دیارین. تەلەفۆنی بۆ ماڵەوە کرد، چوار کەس بە چەکەوە هاتن، کڵاشینکۆفیشیان پێبوو. گولـلەشیان خستە بەر".

ئەو کارمەندەی کە هاتووە بە دەم هێرشکارەکەوە، فریای ئەوە نەکەوتووە کە پێی بڵێت چاوەڕێ بکە؛ بە قسەکانیدا دیارە کە کەمتر لە پێنج خولەک چاوەڕێی نەکردووە.

کارمەندێکی دیکەی دەرمانخانەکە بەناوی (ش. ر) گوتی، ئەو کەسە "هەڕەشەی زۆری کرد، منیش خەریکی نەخۆشی خۆم بووم، گوتم چیت نەکردووە بیکە، دواتر دە دەقە چارەکێکی پێچوو جەماعەت هەڵیانکوتا سەرمان و براکەمیان بریندار کرد.

سیروان سبوخچی، یەکێک لەوانەی هێرشیان کردووەتە سەر دەرمانخانەکە، راگەیاند، برایەکی و براژنی بەیەکەوە چوون بۆ دەرمانخانەکە بۆ وەرگرتنی چارەسەر، بەڵام هەرچەندە هیچ نەخۆشێکی دیکە لە دەرمانخانەکە نەبووە، خاوەنەکەی پێی گوتوون دەبێت چاوەڕێ بکەن، دوای نزیکەی 15 خولەک، براژنی لەهۆش خۆی چووە و براکەی تووڕە بووە لە خاوەنی دەرمانخانەکە و قسەی ناشیرینی پێ گوتووە کە بۆچی ناچێت بەدەم چارەسەری نەخۆشەکەوە، ئیدی دواتر خاوەنی دەرمانخانەکەش لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە هێرشیان کردووەتە سەر براکەی، هەربۆیە ئەوانیش بە چەند کەسێکەوە هێرش دەکەنە سەر دەرمانخانەکە و دەڵێت "چەکم پێبوو، بەڵام بەکارم نەهێنا".

قاسم ئەحمەد، شۆفێری تەکسی باسی لەوە کرد "هۆکار تەنیا غروورییە، دەنا بۆ ئەبێت کەسێک هێرش بکاتە سەر ماڵ و کافتریا و شوێنی خەڵک". بیلال بایز، کاسبکار گوتی "کەسێک بەتەواوەتی لە دینی ئیسلام تێگەیشتبێ و ئەخلاقێکی جوانی هەبێت، نابێت ئاوها بکات، دووەم شتیش حکومەتە نابێت ئاوا بە ئاسانی رێگە بە خەڵک بدات چەک هەڵبگرن".

محەممەد سلێمان مامۆستایە و دەڵێت "زۆربەی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخە ئابوورییەی خەڵک تێیکەوتووە، خەڵک بێتاقەت دەبێت و لەگەڵ ماڵ و منداڵ و ژنی خۆی کێشەی بۆ دروستدەبێت، بۆیە خەڵک ئاوا تووڕەیە".

لە کەمتر لە دوو هەفتەدا هێرشێکی دیکە بۆسەر دەرمانخانەیە لە کەسنەزان و لێدان لە کارمەندانی دەرمانخانەکە کرا، هەروەها هێرش بۆسەر کافتریایەک لە عەینکاوە و بریندارکردنی خاوەن کافتریاکە؛ هەموو ئەوانەش بە زەبری چەک کراون.

تەنیا لە هەولێر، لە دوو هەفتەی رابردوودا زیاتر لە پێنج جار بە چەک هێرش کراوەتە سەر شوێنە گشتییەکان. هەرچەندە پۆلیس دەڵێت، لێکۆڵینەوە بۆ ئەم هێرشەی کەورگۆسک و هاوشێوەکانی کراوە، بەڵام دووبارەبوونەوەشیان بووەتە رەوتێکی ئاسایی.
rudaw -
Top