تەندروستیی ئیدارەی راپەڕین: ئەمڕۆ 12 مامۆستا لە سەنتەری ئیدارەکەمان تووشی کۆرۆنا بوون
د. دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی راپەڕین راگەیاند "بەهۆی تێکەڵاوی و پابەندنەبوونی خەڵک بە رێنماییەکان، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە راپەڕین زیادیکردووە.. بەهۆی زۆریی ژمارەی تووشبووانیشەوە گوشارێکی زۆرمان لەسەرە".
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی راپەڕین ئاماژەی بەوەش کردووە "ئێستا لە رانیە 31 قەرەوێڵەمان هەیە و سەرجەمیان نەخۆشیان لەسەرە، لە هەوڵی زیادکردنی ژمارەی قەرەوێڵەکانداین، بەڵام چاوەڕوانی تەواوبوونی ئەو نەخۆشخانە خێرخوازیەین کە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی ئەرکی دروستکردنیان لەئەستۆ گرتووە".
ئێستا لە رانیە تەنیا یەک تاقیگەی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیە، د. دیار ئیبراهیم دەڵێت "بەنیازین تاقیگەیەکی دیکەش لە قەڵادزێ بکەینەوە و بۆ ئەو مەبەستەش دراوەتە تەندەر و چاوەڕوانی ئەنجامین بۆ دەستکردن بە کارەکان".
هەموو رۆژانێکی دووشەممە لە راپەڕین هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوە بەڕێوەدەچێت، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی راپەڕین لەوبارەیەوە باسی لەوە کرد "خەڵکێک هەن باوەڕیان بە بوونی کۆرۆنا نییە و کەسانی بەتەمەنیش هەن بەهۆی چوونە دەرەوەی منداڵەکانیان یان چوونی کوڕ و کچێکی بۆ قوتابخانە، تووشی کۆرۆنا بوون".
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، لە راپەڕین ئەمڕۆ 19 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، دوێنێ 12 کەس و پێرێش 12 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا هەبوون. بە هەمان شێوە، ئەمڕۆ سێ کەس، دوێنێ پێنج و پێرێش دوو تووشبووی کۆرۆنا مردوون.
rudaw -
