ئەنجومەنی وەزیران هەوڵە نێودەوڵەتییەکانی بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش تاوتوێ کرد

ئەنجومەنی وەزیران هەوڵە نێودەوڵەتییەکانی بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش تاوتوێ کرد
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش و دوو پەیڕەوی تایبەت بە ماف و ئیمتیازاتەکانی زیندانیکراو و گیراوی سیاسیی و میراتگرانی شەهیدان و ئەنفالکراوان تاووتوێکرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/10/28 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و چەند پرسێکی تاوتوێکرد.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ڕاپۆرتێکی تایبەت بە بابەتی بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و هەوڵەکانی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد UNITAD) خستەڕوو. دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران کۆمەڵێک پێشنیار و بڕیاری لەمبارەیەوە پەسەند کرد.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ڕەشنووسی پڕۆژەی تایبەت بە دوو پەیڕەوی خستەڕوو، کە بریتی بوون لە (پەیڕەوی ئیمتیازاتی زیندانیکراو و گیراوی سیاسی لە هەرێمی کوردستان) و (پەیڕەوی دیاریکردنی ماف و ئیمتیازاتی میراتگرانی شەهیدان و ئەنفالکراوان). ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، لە کاتێکدا جەخت لە دابینکردنی ماف وئیمتیازاتی کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و ئەنفالکراوان و ستایشکردنی خەباتی شەھیدە سەربەرزەکان کە گیانی خۆیان لە پێناوی گەل و نیشتیماندا بەختکردووە و خەباتی زیندانی سیاسیەکان دەکاتەوە. وەزارەتی کاروباری شەھیدان وئەنفالکراوانی ڕاسپارد کە درێژە بە پرۆسەی چاکسازیی بدات لە لیستی ناوی ئەوانەی کە بە ناشایستەیی سوودمەندن لەو ماف و ئیمتیازاتانە وجەختکرایەوە لە پاراستنی ماف وئیمتیازاتی ئەوانەی شایستەی وەرگرتنی ئەو ماف و ئیمتیازاتانەن. ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆکردن، لە ڕووی مەبدەئیەوە هەردوو پەیڕەوەکەی پەسەند کرد بە ڕەچاوکردنی ئەو تێبینی وسەرنجانەی لە کۆبونەوەکەدا خرانەڕوو ، بە ئاراستەی باشترکردنی ژیان و بژیۆی کەسوکاری شەھیدان و زیندانیان و ڕاگیراوانی سیاسی و پاراستنی مافەکانیان.











باسنيوز


Top